ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەنەدا رۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، بەهۆی شەپۆلی گەرماوە ١٩ هاووڵاتی لە هەرێمی کیبیکی خۆرهەڵاتی کەنەدا گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەو شەپۆلە گەرمایەی کە ماوەی چەند رۆژێکە رووبەڕووی هەرێمی خۆرهەڵاتی کەنەدا بووەتەوە، حکومەت لەو ناوچەیە باری نائاسایی راگەیاندووە و هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیان.

رۆژی چوارشەممە پلەی گەرما لە شاری مۆنتریاڵ ٤٠ پلەی سیلیزی بووە، هەروەها رێژەی شێش گەیشتووەتە لە ٤٠٪، میلین دروان لێپرسراوی گشتیی تەندروستیی هەرێمەکەش رایگەیاندووە: بەوهۆیەوە ١٢ هاووڵاتی لە شاری مۆنتریاڵدا بوونەتە قوربانی.

پلەی گەرما لە باشووری کیبیکدا ٣٠ پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، هەروەها رێژەی شێش گەیشتووەتە ٤٤٪ پلە ، بەگوێرەی رۆژنامەی لاتریبون، لەماوەی ٤٨ سەعاتدا پێنج هاووڵاتی لە خۆرئاوای کیبیکدا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها دوێنێ دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان لە دەوروبەری شاری مۆنتریالدا تۆمارکراوە.

جێی بیرهێنانەوەیە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بەهەمان شێوە شەپۆلێکی گەرما رووی لە خۆرهەڵاتی کەنەدا کرد و بەهۆیەوە ١٠٠ هاووڵاتی لە شاری مۆنتریاڵ گیانیان لەدەستدا.

 

  • 1