ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی 7ی 2018، ھێزەکانی سوپای عێراق لە سێ میحوەرەوە ئۆپراسیۆنی سەربازیی دژی تیرۆریستانی داعش دەستپێکرد، کە ئامانجی سەرەکیی لێی کۆنتڕۆڵکردنەوەی رێگای کەرکوک - بەغدادە کە چەندین ساڵە ھێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بکەن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سەعات پێنج لە سێ میحوەرەوە ئۆپراسیۆنی سەربازیی دژی پاشماوەکانی داعش دەستیپێکرد، بەجۆرێک لە دیالە کە لە سنووری ئینجانەی دەشتی حەمرین تا سنووری سلێمان بەگ لەلایەن ھێزی ئۆپراسیۆنەکانی دیالە کێوماڵ کراون.

ھەروەھا لە میحوەری دووھەم لە سلێمان بەگەوە تا سنووری قەزای داقووق، ھێزەکانی رەدی سەریع، کێوماڵی ناوچەکە دەکەن، 

لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا چەند بۆمبێکی جینراو پووچەڵکراونەتەوە و چەند حەشارگەیەکی تیرۆریستانی داعشیش رووخێنراون.

جێگەی باسە ھێزی رەدی سەریع لە ناوچەی داویەی سەر بە کفری، ھەماھەنگیی زانیاریی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا ھەبووە.

لە میحوەری سێ، ھێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی ئۆپراسیۆنێکیان لە لەیلان و سنووری داقوق لە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجامداوە.

دوای رزگارکردنەوەی شاری موسڵ لەدەست تیرۆریستانی داعش، تا ئاستێک مەترسیی رێکخراوەکە کەمتر ببوو، بەڵام ماوەیەکە لە چەند ناوچەیەک جموجۆڵەکانی تیرۆریستان دەستیانپێکردووەتەوە و رووبەڕووی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق دەبنەوە.

 

 

  • 1