ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری قوربانیانی رووداوی شەمەندەفەرەکەی بڵاوکردەوە کە رۆژی یەکشەممە لە رێڕەوی خۆی لایدابوو.

ئەحمەد دەمیرجان وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند: لەو رووداوەدا ٢٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٨٤ کەس برینداربوونە.

ئاماژەی بەوەشداوە شەمەندەفەرەکە زیاتر لە ٣٦٠ سەرنشینی ھەڵگرتبوو لە قابی قولەی سەر سنووری بولگاریا رووەو ئیستانبوڵ کەوتبووە رێ و شەش فارگۆنی شەمەندەفەرەکە لە ھێڵە ئاسنیەکەیەوە لایداوە.

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد جیلان پارێزگاری تەگیرداغ ھۆکاری رووداوەکەی بۆ باری ناھەمواری کەشوھەوا گەڕاندووەتەوە، راپۆرتە ھەواڵیەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن زەویی ژێر ھێڵی ئاسنینەکە بەھۆی بارانەوە داکەوتبێت، ھەروەھا باس لەوەش دەکرێت، بەھۆی بارانەوە بینراوە زەویی شوێنی رووداوەکە قوڕاوی بووە. 

تەلەفزیۆنی رەسمیی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، دوای رووداوەکە تیمێکی فریاگوزاریی بە زیاتر لە ١٠٠ ئەمبوڵانسەوە بەرەو شوێنی رووداوەکە کەوتبوونە رێ، ھەروەھا سوپای تورکیاش ئاماژەی بە بەکارھێنانی ھەلیکۆپتەر کردووە لە گواستنەوەی بریندارەکاندا.

 

  • 1