ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

داخستنی‌ كەیسی‌ پێشێلكاریەكانی‌ سوپای‌ بەریتانیا لە عێراق كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە و ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراقیش بڕیاركە بەبێ‌ رێزیكردن بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی ناودەبات. سەربازانی‌ حكومەتی‌ بەریتانیا لەنێوان ساڵانی دووهەزار و سێ بۆ دووهەزار و نۆ كۆمەڵێك پێشێلكارییان لە باشوری‌ عێراق ئەنجامداوەو حكومەتی ئەو وڵاتەش بڕیاری داخستنی سەرجەم دۆسیەكانی داوە.

ڕێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی بەیاننامەیەكی لەسەر ئەو بڕیارەی حكومەتی بەریتانیا بڵاوكردۆتەوەو سەرەڕای رەخنەگرتن لێی جەختی لەوەشكردۆتەوە كە نابێت ئەو ئەوپێشێلكاریانە لەبیر بكرێن. لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی‌ لیژنەی‌ پەیوەندیەكانی‌ دەرەوە لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق سەرەڕای ئەوەی رەخنەی لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن گرتووە بەهۆی بێ هەڵوێستیان لەسەر ئەو رووداوە، هاوكات بڕیارەكەی بە بێڕێزیكردن بە عێراقییەكان ناوبردووە.

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ پەیوەندیەكانی‌ دەرەوە لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق جەختی لەوەشكردۆتەوە كە هەوڵدەدەن لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەماندا تاوتوێی ئەو پرسە بكرێت.