ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشڕەویی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوامی هەیە، لە ماوەی نۆ رۆژی قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتدا، شەڕڤانان توانیویانە حەوت سەد كیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی رەققە لەدەستی داعش رزگاربكەن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتەبێژی ژوری ئۆپەراسیونی توڕەیی فورات رایگەیاند، كە قوناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بەسەركەوتوویی بەردەوامی هەیە و هێڵی بەرگری داعش لە بەرەی پێشەوەی باكوری رۆژهەڵاتی رەققە تێكشكێنراوە، شەڕڤانانیش دوای شەڕێكی سەخت و بە هاوكاری هێزە سەربازییەكانی هاوپەیمانان و فڕۆكە جەنگیەكانو گەیشتونەتە نزیك شاری رەققە.

جیهان شێخ ئەحمەد ئاشكراشیكردووە، كە لەو ئۆپەراسیۆنەدا رووبەری حەوت سەد كیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی رەققە و نەوەد و هەشت گوند و كێڵگە لە تیرۆریستانی داعش پاككراونەتەوە، هەروەها سەد و بیست و چوار چەكداری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كوژران و ژمارەیەكی زۆریشیان برینداربوون و نۆ تیرۆریستیش بە دیلگیراون.

لای خۆشیەوە مایكل فالون وەزیری‌ بەرگری‌ بەریتانیا رایگەیاند، كە بەراورد بە موسڵ، رەققە شارێكی‌ زۆر بچوكە، بەڵام ئەوە روونە كە داعش بەهەموو هێزیەوە بەرگری‌ دەكات، ئەوەش واتای‌ ئەوەیە كە پڕۆسەی‌ ئێستا بۆ رزگاركردنی‌ ئەو شارە دەبێت بەوردی‌ ئامادەكاریی بۆ بكرێت.

وتیشی، رزگاركردنی‌ رەققە دوای‌ موسڵ سەرەتای‌ كۆتایی خەلافەتی‌ داعشە.