ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوای بڕیاری قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە چەند ناوچەیەكی باكووری كوردستان، هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیردەكەن.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فورات نیوز، دوای ئەوەی والی پارێزگای مێردین، لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكە، بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆكردنی راگەیاند، ئەوەش بەئامانجی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی گەریلاكانی پەكەكە، هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستیان بەدەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان كردووە.

ئەو ماڵپەڕە ئاشكراشیكردووە، كە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانیشدا، لە ناوچەی عومەرلی، ئارتوكلو و نسێبین، دەیان ئەندام و لایەنگری ئەو پارتە دەستگیر كراون، كە لە نێویاندا سەرۆكی ناوچەی نسێبینی هەدەپە هەیە. 

بەپێی زانیاری رۆژنامەكانیش، لەئەستەمبوڵ حەفتا كەس دەستبەسەركراون، كە سی و چواریان بڕیاری دەستگیركردنیان هەبووەو زۆربەیان ئەندامی هەدەپەو دەبەپەو تەڤگەری ژنانی ئازادو كۆنگرەی دیموكراتی گەلان و رێكخراوی كۆمەڵەی سڤیل بوون.

لەماوەی رابردووشدا، لە چەندین شارو شارۆچكەی باكووری كوردستان، قەدەغەی هاتووچۆكردن راگەیەندرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاشەوە چەندین شارۆچكەی ناوچەكە وێران كران و سەدان هاووڵاتی مەدەنی كوژران و هەزارانی دیكەش ئاوارە بوون.

هاوكات سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا ئاشكرای دەكات، لەئۆپەڕاسیۆنە جۆراوجۆرەكانی پێنج مانگی ڕابردووی هێزە ئەمنییەكانی توركیادا لەباكوری كوردستان و توركیا هەشت هەزار و چوارسەدو حەفتاو حەوت كەسیان دەستبەسەركردووە و لەو ژمارەیەش دوو هەزار و شەشسەد و سی كەسیان بەتۆمەتی لایەنگری بۆ پەكەكە دەستگیركردووە و ڕەوانەی زیندانیان كردوون.

سۆیلو ئەوەشی خستۆتە ڕوو لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا دەستیان بەسەر حەفتا و نۆ ناوەندی شارەوانی سەر بە دەبەپەدا گرتووە.