ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەوتەی فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات كۆتایی پێهاتووەو مژدەی راگەیاندنی كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە نزیكە.

ئارارات كۆچەر، فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە، بەئاژانسی دیجلەی‌ راگەیاندووە، كە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری رەققە و دابڕانی ئەو شارە كۆتاییهاتووەو لە ئێستادا هێزەكانیان تەنها نۆ كیلۆمەتر لە رەققەوە دوورن و مژدەی رزگاركردنی ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستانی داعش لەكاتێكی نزیكدا رادەگەیەنین.

ئاشكراشیكردووە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات لەقۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا لەدوو میحوەرەوە لە باكوری رۆژهەڵاتی رەققەوە چل كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووەو حەوتسەد كیلۆمەتر چوارگۆشە خاكیان لەدەستی داعش رزگاركرووە و نزیكەی سەد گوندی ناوچەكە لەتیرۆریستان پاككراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە هێزێكی‌ شارەزا لەمین و بۆمبی چێنراو ئەو ناوچەیە پاكدەكەنەوە.

ئەو فەرماندەیەی یەپەگە راشیگەیاندووە، كە هەردوو میحوەری خنیز و بیرهەبا لەنزیك گوندی بەدرانیە گەیشتوونە بەیەك و هێزەكانیان رووبەرێكی فراوانیان گەمارۆ داوە.

لە شەشی‌ تشرینی دووەمی‌ ساڵی رابردوو ئۆپەراسیۆنی توڕەیی‌ فورات، لەلایەن هێزەكانی‌ سوریای‌ دیموكراتەوە دەستپێكردو تا ئێستا ئەو هێزانە رووبەرێكی فراوانیان لەدەستی تیرۆریستان كۆنترۆڵكردووەتەوەو زیانێكی زۆیان بەداعش گەیاندووە.

عێراقی وجیهانی