ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ژمارەیەك پارتی چەپ و كۆمەنیست لەهەرێمی كوردستان، هەڵمەتێكی نیشتیمانی بۆ مافی خانەنشینان رادەگەیەنن و حزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت " ئەوە دەستپێكی كاری هاوبەشی نێوان پارتە چەپ و كۆمەنیستەكانە، بەهیوایین لەداهاتوودا كاری هاوبەشی زیاتر ئەنجام بدەین".

هیوا عومەر ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بە ماڵپەری (رێگای كوردستان)ی راگەیاند، "ئەم هەڵمەتە، هەڵمەتێكی نیشتیمانی هاوبەشە كە لەلایەن چەندین پارتی چەپ و كۆمەنیست پاڵشتی دەكرێت، ئامانج لێی داكۆكیكردنە لە مافەكانی خانەنشینان".

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان راشیگەیاند، "ئەوە دەستپێكی كاری هاوبەشی نێوان پارتە چەپ و كۆمەنیستەكانە، كە پێكهاتوون لە، (حزبی شیوعی كوردستان وحزبی كۆمەنیستی كرێكاری كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان وبزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان)، لەژێر رۆشنایی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری هەرێمی كوردستان كە چوارچێوەیەكی تازە لەململانێ سیاسی وریزبەندی سیاسی دروست دەكات، بەهیوایین لەداهاتوودا لەم پێناوەدا كاری هاوبەشی زیاتر ئەنجام بدەین".

هیوا عومەر باسی لەوەشكرد كە، "ئەم هەڵمەتە پێك دێت لە كۆكردنەوەی واژۆ و چالاكی نارازایەتی جەماوەری بە مەبەستی دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتی هەرێم، لەپێناو جێبەجێكردنی دەقی یاداشتنامەكە و گەرانەوەی مافی خانەنشینان".

 

ئەمەی خوارەوە دەقی یاداشتنامەكەیە:

 

بۆ بەرێزان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

خانەنشینان ئەو كەسانەن تەمەنی لاوێتی خۆیان بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵگاكەیان بەخشی، كەچی ئەمرۆ بەهۆی سیاسەتی ئابوری حكومەت و پێنەدانی موچەكانیان لە كاتی خۆی و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان وبیمە كۆمەڵایەتییەكان، رووبەرووی پەراوێزخستن و برسیەتی ونادڵنیایی كۆمەڵایەتی دەبنەوە،.لە كاتێكدا ئەوان لە هەمووكەس زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی و دڵنیایی كۆمەڵایەتی هەیە .

ئێمەی خانەنشینان و سەرجەم هاوڵاتیان لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ داكۆكیكردن لە مافی خانەنیشینان داواكارین:

1- دابەشكردنی مووچەی سەرجەم موچەخۆران،خانەنشینان بەتایبەت لەكاتی خۆی وهەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی ئیجباری وگەرانەوەی سەرجەم مووچە نەدراوەكان

2- بۆ پاراستنی شكۆیان، بەمیكانیزمێكی گونجاو و هاوچەرخ موچەكانیان پێ بدرێ نەك لەبەردەم بانكەكاندا بەسەرمای زستان و گەرمای هاوین چەند كاتژمێر بوەستێنرێن

3- زەمانەتكردنی سندوقی خانەنشیانی لە كەرتی تایبەت و گشتی بۆ بەرژەوەندی چین وتوێژەكان .