ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئا: محەمەد چاوشین

سەرۆکی(ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان)، ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا قوربانیانی کەیسی ڕاگواستنی دەڤەری پشدەر قەرەبوو نەکراونەتەوە، روونیشی دەکاتەوە کە حکوومەتی ھەرێمیش کە تەرخەمی کردووە و ئەو کەیسەی فەرامۆش کردووە.

لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا رۆژی دووشەممە ١٧/ ٧ / ٢٠١٧، لە ھۆڵی کۆبوونەوەکانی شارەوانی قەڵادزێ ئەنجام درا، سەرۆکی(ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان)، چەند زانیارییەکی سەبارەت بە کەیسی ڕاگواستنی پشدەر خستە ڕوو.

حەمە زرنگ، سەرۆکی (ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان) ڕایگەیاند"کەیسی بە جینۆساید ناساندنی ڕاگواستنی دەڤەری پشدەر، کەیسێکی ئاڵۆزە، کاری زۆرمان لەسەر کردووە و گەیاندومانەتە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ئەوانیش دوای چەندین دانیشتن ئەو کەیسەیان بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ھەنووکە حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیان لێکەوانی ئەو کەیسەی نەکرۆتەوە".

حەمە زرنگ گوتیشی"لەو نێوەدا، تەنھا حکوومەتی عێراق کەم تەرخەم نییە، بەڵکوو کەمکاری حکوومەتی ھەرێمیشی تێدایە کە وەکوو پێویست کاری بۆ ئەو پرسە گرنگە نەکردووە".

سەرۆکی(ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان)ئەوەشی خستەڕوو"دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لە بەرواری ٢٦/ ١٢/ ٢٠١٣، کەیسی ڕاگواستنی دەڤەری پشدەری بە جینۆساید ناساندووە، بەڵام تاھەنووکە بەشێوەیەکی کرداری قوربانیانی ئەو کەیسە قەرەبوو نەکراونەتەوە".

ناوبراو گوتیشی"بەڵگەی زۆرمان لەبەردەست دایە و کەیسێکی زۆر بەھێزمان سەبارەت بە ڕاگواستن و بۆردومانی دەڤەری پشدەر فۆرمۆلە کردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەندام نییە، بەو ھۆیەشەوە، حکوومەتی ئێستای عێراق، وەکوو میراتگری دەسەڵاتی پێشووتری عێراق، ھیچ ھەنگاوێک نانێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان بەرکەوتووانی ئەو کەیسە".

بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی (ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان)، ھەموو ئەو کەیسانەی کە تایبەتن بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لەلایەن"دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق"ەوە بە جینۆساید ناسینراون، لەھەموو ڕوویەکەوە قەرەبوو کرانەتەوە، بەڵام کەیسی ڕاگواستنی پشدەر، کەس خۆی لێ نەکردووە بە خاوەنی و فەرامۆش کراوە .

سەرۆکی (ناوەندی داکۆکی پشدەر بۆ قوربانیان و زیان لێکەوان)، داوایشی لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا و سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ھەوڵی جدی بدەن بۆئەوەی عێراقیش (پەیماننامەی ڕۆما) واژۆ بکات و ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی(ICC)، سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دادگایەکی تایبەت و ھەمیشەییە بۆ بەدواداچوون و سزادانی تاوانە نێونەتەوەییەکان وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی شەڕ.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی(ICC)، لە حەوتی تەمووزی ١٩٩٨ەوە دامەزراوە. پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە لە ١٧ ی حوزەیرانی ١٩٩٨ لە شاری ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا و بە بەشداریی نوێنەرانی ١٢٤ وڵات، ھەروەھا دوای پێنج ھەفتە لە گفتووگۆ و ڕا گۆڕینەوە پەسەند کرا. لە یەکی تەمووزی ٢٠٠٢ەوە دەستی بەکار کردووە و بارەگاکەی لە شاری"لاھای" وڵاتی ھۆڵەندایە.