ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پارێزگاری كەركوك داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەكات پەلە لە دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی حەویجەو پاككردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش بكات.

لە میانەی كۆبوونەوەی ئاسایی بەڕێوبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی شارەكە، كە بەسەرپەرشتی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بەڕێوەچوو، تاوتوێی كێشەو گرفتەكانی تایبەت بە ئاو و كارەبای شارەكەو چۆنیەتی چارەسەركردنیان كرا.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا نەجمەدین كەریم نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە دواخستنی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەی باشوری رۆژئاوای كەركوك دەربڕی و رایگەیاند كە جێگەی داخمانە پرۆسەی ئازادكردنەوەی قەزای حەویجەو دەوروربەریی دوادەخرێت سەرەڕای ئەوەی كە چەندین جار داوامان لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردووە پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای حەویجەو پاككردنەوەی لە تیرۆریستان دەستپێبكات.

پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بوونی داعش لەحەویجەو دەوروبەری بەردەوام هەڕەشەو مەترسییە بۆ سەر پارێزگا هاوسنورەكان، ئەمە جگە لە بارودۆخی خراپ و ناهەمواری هاووڵاتیانی ناوچانەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

پارێزگاری كەركوك جارێكی دیكە داوای لە حەیدەر عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كردەوە پەلە بكات لە دەستپێكردنی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنەوەی حەویجە و دەوروبەری و چیتر ئەو پرۆسەیە دوانەخرێت.