ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عومەر ئاوارە

قایمقامی خورماتوو ئاشكرای دەكات كە ئەوان وەكو ئیدارەی شارۆچكەكە لە گەڵ ئەوەدان كە خورماتوو لە سەر پارێزگای سەڵاحەدین نەمێنێت وبخرێتەوە سەر پارێزگای كەركوك.

شەلال عەبدول قایمقامی خورماتوو لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (ڕێگای كوردستان ) ڕاگەیاند:- هەرچەندێ‌ لە ئێستادا خورماتوو لە سەر پارێزگای سەڵاحەدین وحكومەتی ناوەندە، بەڵام ئێمە خۆمان بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان دادەنێن وچاوەڕوانی ئەوە دەكەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو ڕووەوە كارئاسانیمان بۆ بكات بۆ ئەوەی شارەكەمان بە زوترین كات بگەڕێتەوە سەر كەركوك وهەرێمی كوردستان.

گوتیشی:- ئێمە لە گەڵ گەڕانەوەی شارۆچكەكەین بۆ پارێزگای كەركوك ولەو ڕووەشەوە داواكاریمان بۆ لایەنە فەرمییەكان بەرز كردۆتەوە بەڵام تاكو ئێستا بە فەرمی وەڵام نەدرواینەتەوە.

زیاتر گوتیشی:- لە ئێستادا جم وجوڵێك لە بواری خزمەتگوزارییدا لە خورماتوودا هەیە بە تایبەت لە ڕووی چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی ناو شار ، بەڵام گرفتی سەرەكی ئێمە ئەوەیە كە بۆ ساڵانێك دەبێت بودجەی كاركردنی خورماتوو لە لایەن پارێزگای سەڵاحەدینەوە راگیراوەو سەرف نەكراوە.