ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك رایگەیاند دوای كۆكردنەوەی زانیاری وردی هەواڵگری، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە هێزێكی هاوبەش لە پۆلیسی قەزاو ناحیەكان و ئاسایشی كەركوك هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە شارۆچكەی لەیلان و گوندی باوای ناوچەی قەرەحەسەن ئەنجامدا.

سەرچاوەكە وتی لە هەڵمەتەكەدا، دە داواكراو دەستگیركران كە بەپێی مادەی چواری تیرۆر داواكراون.

هەمان سەرچاوە رایگەیاند درەنگانێكی شەوی چوارشەممە لەگەڕەكی واستی كەركوك چەند چەكدارێكی نەناسراو هێرشیان كردۆتە سەر هاووڵاتیەك كە خاوەنی یەكێك لە مۆڵەكانی گەڕەكەكەیەو دوای كوشتنی بڕێكی زۆر پارەیان دزیوەو بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.

لە لایەكی دیكەوە ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە چەند چەكدارێكی نەناسراو لە قەزای دوبز دەستڕێژی گوللەیان لە پۆلیسێكی سەر بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پاراستنی دامەزراوە حكومیەكان كردو دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.