ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی لاوانه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان (12ـی ئاب) لە راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند، "لە سەروبەندی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا، کە بڕیارە رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بەڕێوە بچێت، ئەرکێکی گەورەتر دەکەوێتە سەر شانی لاوانی کوردستان".

ئه‌مه‌ی خوارەوە ده‌قی راگەیەندراوەكەیە:

ئه‌مڕۆ 12ی ئاب له‌ ڕۆژی جیهانیی لاواندا به‌‌گه‌رمی سڵاو له‌ لاوانی كوردستان ده‌كه‌ین، ڕۆڵیان له‌ ئێستا و داهاتووی كوردستاندا به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. وه‌ك چۆن لاوانی دوێنێی كوردستان به‌ خه‌بات و تێكۆشان و قوربانیدان، كوردستانیان له‌ سته‌م و دكتاتۆری ڕزگار كرد و ئه‌مڕۆش له‌ پێگه‌كانی سه‌ركردایه‌تی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا خزمه‌ت ده‌كه‌ن و ڕۆڵ ده‌گێڕن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هیوایه‌كی گه‌وره‌ بۆ بنیاتنانی ئێستا و سه‌ركردایه‌تیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی داهاتووی وڵات له‌سه‌ر لاوانی كوردستان بنیات ده‌نێین.

له‌ كاتێكدا كوردستان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و خه‌ریكه‌ هه‌نگاوێكی مێژوویی بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی ده‌نێت، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره‌تر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی لاوانی كوردستان تا ڕۆڵی كاریگه‌ری خۆیان له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان و به‌ده‌سهێنانی مافه‌ ڕه‌واكانیاندا بگێڕن.

له‌م یاده‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له‌ لاوان ده‌كات بۆ دابینكرنی هه‌موو مافه‌كانیان و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدا بێت كه‌مته‌رخه‌می ناكات بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتری كار و مسۆگه‌ركردنی ژینگه‌یه‌ك كه‌ تیایدا لاوان بتوانن ژیانێكی باشتر دروست بكه‌ن، په‌ره‌ به‌ به‌هره‌ و تواناكانیان بده‌ن و باشترین ڕۆڵ له‌ بنیاتنان و پێشخستن و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا بگێڕن.

دووباره‌ ڕۆژی جیهانی لاوان له‌ لاوانی كوردستان و جیهان پیرۆز بێت.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

12/8/2017