ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دەنگ ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان ڕەتدەكاتەوە و سەرۆكی هێزە چەكدارەكانیش پابەند دەكات بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق.

لە كۆبوونەوەی ئاسایی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، لەسەر داوای هەشتا پەرلەمانتار ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان خرایە خشتەی كارەكانەوە و بەزۆرینەی دەنگ ریفراندۆمی هەرێم رەتكرایەوە.

سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق كە بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردو لە هۆڵەكە چوونە دەرەوە، جەخت لە نایاسایی بوونی دەنگدانەكە دەكەنەوە و هێما بۆ ئەوەش دەكەن كە پەرلەمان نەبۆتە فاكتەری نزیكبوونەوەی لایەنەكان و هیچ حسێبێك بۆ رای كورد نەكراوە.

پەرلەمانتارانی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە بەبێ ئەوەی دەنگدان بۆ رازیبوون یاخود رازی نەبوون لە ئەجێندای كاری پەرلەماندا هەبێت، بەزۆرینەی دەنگ ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانی ڕەتكراوەتەوەو داواش لەپەرلەمان دەكەن بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە.

پەرلەمانی عێراق حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەركردەی هێزە چەكدارەكانی پابەندكردووە بە گرتنەبەری رێوشوێن بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق كە ئەمەش بەمانای جوڵاندنی هێز دێت بۆ ئەو ناوچانەی پێچەوانەی بڕیارەكە دەوەستنەوە.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند رۆژێكە حكومەتی عێراق بەبیانوی رزگاركردنی حەویجە هێز بەرەو ناوچە دابڕێنراوەكان دەجوڵێنێت و لەبەرانبەریشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناوچەكەدا پێشمەرگەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.