ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 د.یوسف گۆران ڕایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانى زانست و زانیارى، شارەزایى ئەزمون و کەلتورى وڵاتان لە بەدەستهێنانى مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕۆژى سێ شەممە، ڕێکەوتى (١٢/٩/٢٠١٧) لە میانەى بەڕێکردنى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین هات.

بەو بۆنەیەوە، لە مەراسیمێکدا، کە بەئامادەبونى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، محمود حاجى ساڵح وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، مەولود باوە مراد وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت و، فەلاح مستەفا لێپرسراوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکارانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى کوردستان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و،  (چاین لاپینگ) کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى و خوێندکاران لە هۆتێل ڕۆتانا بەڕێوەچو چەند وتارێک پێشکەشکرا.

لەو بارەیەوە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتارێکدا دواى پیرۆزبایکردن لە خوێندکاران، سوپاسى کونسڵگەرى چین و کۆمپانیاى هواوى کرد، وتیشى ساڵى پار لەسەر پێشنیازى ئێمە یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان لەسەر بانگهێشتى کونسڵگەرى چین ڕەوانەى چین کران، بێگومان لە گەڕانەوەیاندا خوێندکاران دیدگا و تێڕوانینى تەواویان بەرامبەر بەچین گۆڕابوو، ئەوەشى دەسکەوتێکى گەورەیە بۆ خوێندکارانى کوردستان لەلایەک، لەلایەکى دیکەشەوە بۆ کۆمارى میللى چین کە پیشانى ئێمە و دنیاى دەدات، کە خاوەنى چ ئەزمونێکى دەوڵەمەندە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەرکەوتوە ئەمساڵ و لە رێکەوتى (١٨/٤/٢٠١٧) ڕێککەوتنامەیەکمان لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى چینى ئیمزا کرد بۆ ڕەوانەکردنى ژمارەیەک لە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ کۆمارى میللى چین بۆ ڕاهێنان لە بوارى (ICT) لە کۆمپانیاى هواوى، بۆیە خۆشحاڵین ئەمساڵ لەپاڵ ڕەوانەکردنى دوەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئاشنابون بەئزمون و کەلتورى پێشکەوتى کۆمارى میللى چین، لەهەمان کاتدا یەکەمین گروپى خوێندکارانى زانکۆکان بەپێیى ڕێکەوتنامەکەمان لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى ڕەوانەى چین دەکەین بۆ ڕاهێنان لە بوارى (ICT).

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگیەوە باسى لە ئەزمونى دەوڵەمەندى کۆمارى میللى چین کرد و وتى: تێڕوانینێکى نەرێنى بەرامبەر بەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەى لە جیهان ڕودەدات جیاوازە، چونکە پێشکەوتنى ئابورى و تەکنەلۆژیا لە ئێستادا لە ئەوروپاوە بەرەو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا دەڕوا، پێشبینیش دەکرێ لە چەند دەیەى داهاتودا وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا و بەتایبەت چین پێش ئەوروپا و ویلایەتەیەکگرتوەکان ئەمریکا بکەوێ، بۆیە گرنگە ناسین و ناساندنى ئەو وڵاتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لەبەرئەوە دەبێ بزانین چۆن ئەو وڵاتە بەرەوام لە بەرەوپێشچوندایە و، لە کەم وڵاتى دنیا هەیە چین و کۆمپانیا چینیەکان وەبەرهێنانى تێدا نەکەن.

بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕوو خوێندکاران ڕایگەیاند:  گرنگە خوێندکاران لە پاڵ بەدەستهێنانى زانست و زانیارى، شارەزایى ئەزمون و کەلتورى وڵاتان لە بەدەستهێنانى مەعریفە و پێشکەوتنەکان بن، کۆمارى میللى چینیش خاوەن ئەزمونێکى ناوازەیەو دەکرێ سود لەو ئەزمونە وەربگرین بۆ بونیادنانى داهاتوى گەلەکەمان.

لە کۆتایى وتارەکەشیدا سوپاسى کونسڵى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و، نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى لە ئێراق کرد، هیواى خواست پەرەى زیاتر بەو پەیوەندیانە بدەن بۆ ئەوەى سود و ئەزمون لە بوارە جیاکانى چین بۆ ئاوەدانکردنى کوردستان ببینن.

هەر لە مەراسیمەکەدا، ،  (چاین لاپینگ) کونسڵى گشتى کۆمارى میللى چین لە کوردستان و نوێنەرى کۆمپانیاى هواوى و نوێنەرى خوێندکاران وتەیان پێشکەشکرد، لە وتەکانیاندا باسیان لە لایەنە جیاکانى ئەو گەشتە زانستیە و گرنگیەکانیان کرد، پاشان لەلایەن لێپرسراوانى ئامادەبوەوە دیارى کۆمپانیاى هواوى بەسەر خوێندکاران دابەشکرا.

واش بڕیارە لەسەرەتاى هەفتەى داهاتوە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان کە ژمارەیان (٢٠) خویندکارە بەرەو کۆمارى میللى چین بەرێ بکەون، (١٠) لەو خوێندکارانە وەک دوەمین گروپ بۆ ساڵى دوەم لەسەر بانگهێشتى کونسڵگەرى چین دەچنە ئەو وڵاتە، مەبەستى سەردانەکەشیان بریتیە لە ئاشنابون بەکەلتور و ئەزمونى پێشکەوتوى ئەو وڵاتە، لەهەمان کاتدا (١٠) خوێندکارەکەى دیکەش بەپێیى رێکەوتنامەى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کۆمپانیاى هواوى دەچنە ئەو وڵاتە بۆ ڕاهینان لە بوارى (ICT).

 

http://www.mhe-krg.org/ku/node/3595