ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مووچەی مانگی دەی فەرمانبەرانی هەرێم بە سیستمی بایۆمەتری دابەش دەكرێ و تاوەكو ئێستاش یەك ملیۆن و دووسەدو دووهەزار كەس ناوی خۆیان تۆمار كردوە و هەزار كەسیش بەهۆكاری جیا ناویان تۆمار نەكراوە و مووچەكانیان رادەگیرێ.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری رایگەیاند مووچەی مانگی دەی فەرمانبەران لەسەر سیستمی بایۆمەتری دابەش دەكرێت‌ و لەقۆناخی یەكەمیشدا هەر فەرمانبەرێكی مەدەنی خۆی تۆمار نەكردبێت مووچەكەی رادەگیرێ‌، لە قۆناخی دووەمدا خانەنشینان ‌و كەرتی سەربازیش ئەگەر خۆیان تۆمار نەكردبێت، مووچەكەیان رادەگیرێ‌ .

ئاماژەی بەوەشكرد نزیكەی هەزار فەرمانبەری مەدەنی بەهەر هۆكارێك بێت نەیانتوانیوە خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار بكەن و دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری تایبەتیان بۆ دەربكات، چونكە بەپێی بڕیاری ژمارە سەدو یانزەی ئەنجوومەنی وەزیران تۆماركردنی فەرمانبەرانی مەدەنی لە سیستەمی بایۆمەتری راگیراوە.

وتەبێژی سیستمی بایۆمەتری باسی لەوەشكرد كە تاوەكو ئێستاش یەك ملیۆن ودووسەدو دووهەزار مووچەخۆر ناویان لەو سیستەمەدا تۆمار كردووە.