ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئێوارەی رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا وەڵامی لێدوانە هەڕەشەئامێزەكانی حەیدەر عەبادی دایەوەو رایگەیاند" ئەو بڕیارانەی لە بەغدا دەركراون دژی هەرێم بڕیاری سیاسین و بە مەبەستی سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانن بە هاوكاری لەگەڵ وڵاتانی بیانی.

لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە"عێراق لەساڵی 2003ەوە 850ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشكرای حكوومیی نەوتەوە دەستكەوت، كەچی هاووڵاتیانی عێراق وەك هاووڵاتیانی وڵاتە هەژارەكانی جیهان دەژین و عێراق خاوەن ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاریی زۆر خراپە".

ئاماژە بەوەشدەكات" نابێت پەرلەمانی عێراق بێدەنگ بێت لەبەرامبەر ئەو ڕێوشوێنانەی عەبادی بەرامبەر بە هەرێم گرتوویەتییە بەر و پێویستە پەرلەمان چاودێری حكومەت بكات، چونكە ئەو بڕیارانەی دوور لە بنەمای تەوافوق دەركردوون كە بنەمای بنچینەییی دەستوورە بۆ بڕیاردان و بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی عێراق. 

ئەوەشدەخاتەڕوو" لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەیدا حكومەتی هەرێم دەڵێت "حەیدەر عەبادی چەند جارێك لە قسەكانیدا هەڕەشەی لە پێشمەرگە كرد كە نابێ ڕێگری لە سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق بكات لە ناوچە كێشە لەسەرەكان. هاوكات حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە كە "ماوەیەكە بەڕێز حەیدەر عەبادی و دەزگا میدیاییەكانی حكوومەتی عێراق، بە مەبەست، ناوی كوردستان ناهێنن و هەمیشە بە "باكووری عێراق " ناوی دەهێنن، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بووەتە هۆی ئیستیفزازكردنی گەلی كوردستان.