ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەروونكردنەوەیەك لەهەمبەر راپۆرتێك كەزیانی وەستانی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر رۆژانە بەچوارسەد هەزار دۆلار خەمڵاندووە، رایدەگەیەنێت" جێگەی داخە بەمەبەستی دروستكردنی گومان و تانە خستنە سەر پرۆسەی شەفافیەتی كاری وەزارەت هەندێ‌ كەناڵ راپۆرتێكی بەناو بە دواداچوونیان بۆ داهاتی وەزارەت كردووەو گوایە داهاتە شاراوەكانیان خستۆتەڕوو بە پشت بەستن بە لێدوانی بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەسەر بڕی زیانەكانی فڕۆكەخانە كە ڕۆژانە بە (400000) چوارسەد هەزار دۆلاری خەمڵاندووە، لەڕاستیدا ئەوە تێكەڵكردنێكی بەمەبەستە, ئەگینا داهاتی ڕۆژانەی فڕۆكەخانە لەگەڵ زیانی ڕۆژانەی فڕۆكەخانە كە چەندین كۆمپانیای جۆراو جۆری خزمەتگوزری و كارگۆو گومرگی سەربە وەزارەتی دارایی و سووتەمەنی فڕۆكەو بازاڕی تایبەتی فڕۆكەخانە (Duty Free) هەتا دەگاتە تەكسی فڕۆكەخانە هەمووی زیانی لێكەوتووە، لەوەش زیاترە كە ڕاگەیەنراوە بە تایبەت ئەگەر زیانی هێلەكانی فڕۆكەوانی ووڵاتانی دەرەوە ئەژمار بكریت ئەوا ڕۆژانە زیاتر لە (١٠٠٠٠٠٠) یەك ملیۆن دەبێت.

ئەوەش هاتووە"بەرپرس و بەڕێوەبەرایەتی هەر سێكتەرێك بەرپرسە لە ژمارەی بڕی ئەو داهاتەی وەزارەتمان كە ڕادەگەیەنرێت لەبەردەم هەموو دەزگایەكی لێپرسینەوە و بەدواداچوونی هەرێمدا.