ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شەوی ڕابردوو بوومەلەرزە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەشەوە چەندین خان و زیان بەركەوت و ژمارەیەک هاوڵاتیش گیانیان لەدەستدا.

ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی دروست له‌ كاتی ڕوودانی بوومه‌له‌رزه‌دا

له‌كاتی ڕوودانی هه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌كدا له‌ بیرتان بێت به‌ خێرایی و به‌ ئارامی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و شوێنی گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنه‌وه‌.

له‌ ماڵدا

١ - سه‌ر و ده‌م و چاوتان بپارێزن به‌ هه‌رشتیك كه‌ له‌به‌ر ده‌ستدابێت و به‌ره‌و نزیكترین گۆشه‌ی ژووره‌كانتان بڕۆن یان بچنه‌ ژێر مێز و په‌یژه‌ (قاڵدرمه‌) ی ماڵه‌كانتان.

٢ - له‌ په‌نجه‌ره ‌و دیواری ده‌ره‌وه‌ و ئاوێنه ‌و كه‌لوپه‌لی هه‌ڵواسراو و مه‌كته‌به‌ی ناو ماڵ دووركه‌ونه‌وه.

٣ - له‌ كاتی ته‌واو بوونی كاریگه‌ری بوومه‌له‌رزه‌كه‌دا كاره‌با و سۆبه ‌و غازی ناو ماڵ بكوژێنه‌وه‌.

له‌ ده‌ره‌وه‌ 

١ - به‌پێی توانا له‌ باڵه‌خانه‌كان دووركه‌ونه‌وه ‌و بڕۆنه‌ نزیكترین شوێنی كراوه‌ و خۆتان بپارێزن له‌ پارچه‌ به‌رد و دیوار و هه‌رشتێكی ناجێگیر.

٢ - له‌ پردو ئه‌نده‌رپاس و كێبڵی كاره‌باكان و ستوونه‌كان و دره‌خت و ریكلامی هه‌ڵواسراوی به‌رده‌م دوكان و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان دووركه‌ونه‌وه‌.

له‌ ناو ئۆتۆمبیل

١ - راسته‌وخۆ له‌ شوێنی خۆتان بووه‌ستن و له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كانتاندا بمێننه‌وه‌.

٢ - ئه‌گه‌ر له‌ ژێر پرد و ئه‌نده‌رپاس و ته‌نیشت دره‌خت و نزیك باڵه‌خانه ‌و تاوێره‌كانی كاره‌با و په‌یوه‌ندییه‌كاندا بوون هه‌وڵبده‌ن دووركه‌ونه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كانتان یان به‌پێ.

 

له‌ قوتابخانه‌ و فه‌رمانگه ‌و كارگه‌كاندا

١ - له‌كاتی روودانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌دا بچنه‌ ژێر مێزه‌ توندو تۆڵه‌كان یان بچنه‌ گۆشه‌ی ژووره‌كان و دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ شووشه‌و په‌نجه‌ره‌و ژێر گلۆپ و (سوره‌یا) هه‌ڵواسراوه‌كان.

٢ - هه‌وڵبده‌ به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك سه‌رتان بپارێزن.

٣ - به‌هیچ جۆریك به‌رزكه‌ره‌وه‌ (مصعد) به‌كارنه‌هێنن.

٤ - دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌كی گازیی سوتێنه‌ر و كیمیاوی و تیشكده‌ر.

٥ - دووركه‌ونه‌وه‌ له‌ محه‌ویله‌ی كاره‌باو بۆردی كۆنتڕۆل و كێبڵی كاره‌بای پاڵه‌په‌ستۆ به‌رز.

 

پاش كۆتایی بوومه‌له‌رزه‌كه

١ - ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ روودانی بوومه‌له‌رزه‌ی دواتر كه‌ ده‌بێته‌ هۆی رووخاندنی باڵه‌خانه‌كان كه‌ به‌ بوومه‌له‌رزه‌ی پێشتر (سه‌ره‌كی) زیانیان پێگه‌یشتووه.

٢ - ده‌رگای ماڵه‌كانتان دابخه‌ن و رووبكه‌نه‌ شوێنه‌ كراوه‌كان.

٣ - گوێ له‌ رێنماییه‌كانی به‌رگری شارستانی بگرن و جێبه‌جێیان بكه‌ن.

٤ - ئه‌وكه‌سانه‌ی به‌ سه‌ختی زیانیان پێگه‌یشتوه‌ مه‌یانجوڵێنن تا تیمه‌كانی فریاكه‌وتن به‌ هانایانه‌وه‌ ده‌چن.

٥ - نزیك مه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ رووخاوه‌كان و ئاوێك مه‌خۆنه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی دڵنیا نه‌بن.