ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایدەگەینێت، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە ڕوو لە زیادبوونە، هۆکاری زیادبوونی نەخۆشیەکەش، قەڵەوی، خواردنی ناتەندروست، وەرزش نەکردن و کێشانی جگەرەیە.

لە ڕاگەیەندراوێکیدا وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوە كردوە "لە هەر سێ سەنتەری چارەسەری نەخۆشی شەکرە لە هەرێمی کوردستان، ٨٥ هەزار و ٤٣٢ نەخۆش تۆمارکراون و چارەسەر وەردەگرن لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک. جگە لەو کەسانەی چارەسەر بە دەرمان وەردەگرن".

وەزارەتی تەندروستی هەرێم، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی شەکرە، ڕەچاوی شێوازی ژیانی تەندروست بکەن بەوەرزش کردن و خواردنی تەندروست و وازهێنان لە جگەرە کێشان و دوورکەوتنەوە لە خواردنە خێراکان و خواردنەوە گازیەکان، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی شەکر لە خوێن و دڵنیابوون لە تەندروستیی.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئەوەش دەڵێت، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆری نەخۆشانی شەکرە، هیچ نیشانەیەکیان نییە و کەسەکان بەخۆیان نازانن تا قۆناغی دروستبوونی ماکەکانی نەخۆشیەکە لەشێوەی لێدانی جەڵتەی دڵ و مێشک یان پەککەوتنی گورچیلە و کوێربوون.