ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كۆمپانیای رۆزنەفتی روسی ئاشكرایكرد، كە لە ساڵی دوو هەزارو حەڤدەدا لە بەرامبەر وەرگرتنی نەوت لەهەرێمی كوردستان پێشوەخت یەك ملیار و سێسەد ملیۆن دۆلاریان داوەتە حكومەتی هەرێم.

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری كۆمپانیای رۆزنەفتی روسییەوە بڵاویكردووەتەوە، كە ئەو كۆمپانیایە، لە بەرامبەر گرێبەستە نەوتییەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕی ملیارێك و سێسەد ملیۆن دۆلاری وەك پارەی پێشەكی داوەتە حكومەتی هەرێم.

كۆمپانیای رۆزنەفت لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی كۆمپانیاكەیان زیادیكردووە، بەجۆرێك لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تا تشرینی دووەم داهاتەكەی حەوتسەدو نەوەدو دوو ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لەهەمان ماوەی ساڵی رابردوودا چوارسەدو سی ملیۆن دۆلار بووە.

مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابوریی جیهانی سانت پترسبۆرگ بەنوێنەرایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیای روزنەفتی روسیدا واژۆ كرد.