ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، كاره‌با به‌ هیچ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی نادرێت ئه‌گه‌ر پێوه‌ری كاره‌بای نه‌بێت، ده‌شڵێت "پێوه‌ری كاره‌با بۆ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم به‌ستراوه‌ و مانگانه‌ ده‌بێت پاره‌ی كاره‌با بده‌ن".

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، قه‌رزه‌كانی كاره‌با له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و ده‌زگا و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی 300 ملیار دینار و مانگانه‌ دبێت وه‌زاره‌ته‌كان به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانیان بده‌نه‌وه‌.

حه‌مه‌ئه‌مین هه‌ورامی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم رایگه‌یاند "هه‌ندێك وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ی حكومی پاره‌ی كاره‌با له‌كاتی خۆیدا ده‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك وه‌زاره‌ته‌كان تر به‌ قه‌رز كاره‌با ده‌كڕن، دواتر پاره‌كه‌ ده‌ده‌ن".

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم وتیشی "هیچ شوێنێك له‌ بنه‌ڕه‌تدا نییه‌ پێوه‌ری كاره‌بای نه‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ك پێوه‌ری كاره‌بای نه‌بێت كاره‌بای پێنادرێت".

له‌باره‌ی نه‌به‌ستی پێوه‌ری كاره‌با و نه‌دانی پاره‌ی كاره‌با له‌لایه‌ن هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی (په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم)، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با وتی، به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم، كاره‌با به‌ هیچ شوێن و فه‌رمانگه‌ و وه‌زاره‌تێك نادرێت، ئه‌گه‌ر پێوه‌ری نه‌بێت و پاره‌ی كاره‌با نه‌دات ئه‌و بڕیاره‌ش بۆ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و وه‌كو هه‌ر كڕینی هه‌ر كه‌لوپه‌لێكی تر ده‌بێت كاره‌با بكڕن و مانگانه‌ پاره‌كه‌ی بده‌ن.