باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق ته‌ئكید له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه له چوارچێوه‌ی عێراقی یه‌كگرتوودا، پشتیوانیی واشنتۆنیش ده‌رده‌بڕێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ناردنی مووچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم.
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق له لێدوانی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا ڕایگه‌یاند، واشنتۆن ته‌ئكید له‌سه‌ر پێویستیی بوونی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عیراقێكی یه‌كگرتوودا ده‌كاته‌وه، وتیشی "به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان، له‌ماوه‌ی داهاتوودا دیدار و چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه سیاسیه عیراقیه‌كان ده‌بێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه پشتیوانیی گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن".
باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق ڕاشیگه‌یاند، ئیداره‌ی واشنتۆن پشتیوانیی به‌غدا ده‌كات له‌پێدانی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی سنوره‌كان و ده‌روازه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان.
وتیشی، ئیداره‌ی ئه‌مریكا باوه‌ڕی وایه هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌یانه‌وێ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ركوك بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌نگاوی كردارییان ناوه.
له‌باره‌ی دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق ڕایگه‌یاند واشنتۆن نیگه‌رانه له‌و جیابونه‌وه‌و دابه‌شبونانه‌ی نێو پارت و لایه‌نه سیاسیه كوردستانیه‌كان، چونكه گفتوگۆكان له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێر قورس ده‌كات.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی واشنتۆنیش له‌دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان, سیلیمان ڕایگه‌یاند پێویسته به‌پێی ئه‌و واده‌یه‌ی ده‌ستوری عیراق دیاریكردوه هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌باره‌ی بونی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له پارێزگای كه‌ركوك, باڵیۆزی ئه‌مریكا له عیراق ڕایگه‌یاند, هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له بنكه‌ی سه‌ربازیی كه‌ی وه‌نن له پارێزگاكه و ئامانجیان هه‌ماهه‌نگیی و هاوكاریی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقه.