ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لیژنەی داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دوایین راپۆرتی لیژنە سەبارەت بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەنوسان لەساڵی ٢٠١٧ بڵاوکردەوە.

 

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 11ی كانونی دووه‌می 2018 خۆشناو جەمیل ئەندامی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، " لەساڵی ٢٠١٧ بەداخەوە یاسای ژمارە ٣٥ وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە و پێشێلکاری زۆر بەرامبەر به‌ رۆژنامەنوسان كراوه‌".

ئەو ئەندامەی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان راشیگەیاند، " ئامارەكانی لیژنەكە لە 1/1/2017 31/12/2017 تۆماركراون، كه‌ سێ حاڵەتی تیرۆر بەرامبەر چوار رۆژنامەنوس تۆمارکراوە، خۆکوشتنیش یه‌ك حاڵەت بووە، شەهیدبوون دوو حاڵەت و داخستن پێنج حاڵەت بەرامبەر ١٣ دەزگای راگەیاندن، گرتن ٢٠ حاڵەت، بەرامبەر ٣٠ رۆژنامەنوس کراوە".

خۆشناو جەمیل باسی لەوەشكرد كە، "هەروەها برینداربوون پێنج حاڵەت بەرامبەر بە پێنج رۆژنامەنووس، لێدان ٢٥ حاڵەت بەرامبەر ٣٩ رۆژنامەنوس، رێگەنەدان ٢٤ حاڵەت بەرامبەر ١١١ رۆژنامه‌نوس، هەڕەشە ١٥ حاڵەت بەرامبەر ١٨ رۆژنامەنوس، سوتاندن بەرامبەر دوو کەناڵ، تالانکردنیش پێنج حاڵەت بەرامبەر پێنج دەزگا".

ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە كە، "کۆی گشتی پێشێلکارییەکان ١٣٧ حاڵەت بەرامبەر ٢٣٠ رۆژنامەنوسان و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراون و بەبەراورد بە ٢٠١٦ كه ٤٥ حاڵەت بەرامبەر به‌ ٨٠ رۆژنامەنوس کراوە پێشێلكارییه‌كان زیادیانكردووه‌".

  • 1