ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لەبارەی 32 هەزار كارمەندی هێڵی شەمەندفێر لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

 دەنگۆی بوونی 32 هەزار كارمەندی هێڵی شەمەندۆفێر لە هەرێمی كوردستان چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حكومەتی هەرێم رۆژی پێنج شەممە 11ی كانوونی دووەمی 2018 بڵاوكردوە و رایدەگەیەنێت، "هەواڵەكە هەڵبەستراوە و دوورە لە راستییەوە".

 ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست رێگای كوردستان كەوتووە، تیایدا هاتووە، ماوەی چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەنگۆ و هەواڵێكی هەڵبەستراو لەبارەی ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندانی گوایە (هێڵی شەمەندۆفێر) لە هەرێمی كوردستاندا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندندا هیچ بەڕێوەبەرایەتییەك و بەشێك نییە بەناوی هێڵی شەمەندۆفێر، ئەوەی هەیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ئاسنی و تراموای- یەو كۆی میلاكاتیان بە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە (748) كارمەندە.

 هەر لە ڕوونكردنەوەكەدا وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاندووە: خستنەڕوی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران دوورە لە راستییەوە و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رێژەی میلاكاتی بە دیوانی وەزارەت و هەموو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی بە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیشەوە تەنها پێنج هەزار و 481 فەرمانبەرە بە هەمیشەیی و گرێبەستەكانەوە و لە داتاكانیشدا ئەو رێژەیە تۆماركراوە.

پێداچوونەوە: توانا رسول