ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نیزام شەبیب

وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە ڕێگای نەوت و کانزاکانی گەرمیانەوە بە کارتی زیرەک، نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی گەرمیاندا دابەشبکرێت، کارتی زیرەک،کارتێکە تایبەت بە وەرگرتنی نەوت وبۆ ماوەی پێنج ساڵ بەکاردێت.

یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان، بە رێگای کوردستانى وت: ساڵی ڕابردوو بڕی ١٠٠ لیتر نەوتمان بەسەر بەشێک لە خێزانەکانی گەرمیان دابەشکرد، بۆیە ئەمساڵ بە باشمانزانی نەوت بەسەر هەموو گەرمیاندا دابەش بکەین و بۆ ئەومەبەستە بیرمان لەوە کردەوە، لەڕێگای کارتی زیرەکەوە نەوت بدەین بە هاوڵاتیان، هەر بۆیە لیژنەیەکمان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ دەرهێنانی ئەو کارتە پێکهێنا.

یادگار فەتاح،وتیشی: لەئێستادا بەشێکی زۆری کارتەکان لە لایەن کۆمپانیایی جێبەجێکارەوە تەواو بووە، دواتر لە ڕێگای بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، دوای دابەشکردنی کارتی زیرەک بەسەر هاوڵاتیاندا، دەست دەکەین بە دابەشکردنە نەوتی سپی، لە هەموو گەرمیان پێویستمان بە هەشت ملێون لیتر نەوت هەیە بۆ ٣٨ هەزار خێزان، کە هەر خێزانێک ٢١٦ لیتر نەوتی بەردەکەوێت.

بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، باسی لەوەشکرد، لەئێستاوە لەگەڵ نەوت و كانزاكانی سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دەستدەكەین بە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی پشكی گەرمیان لەنەوتی سلێمانی ڕەوانەی سنورەكە بكرێت، كەپشكی گەرمیان لەنەوتی پارێزگای سلێمانی بریتیە لە 12.34%ی نەوتی پارێزگاكە.

هەروەها یادگار، ئاماژەی بەوەشدا، هەر خێزانێک کارتێکی زیرەکی پێ دەدرێت و سێ هەزار و 750 دیناری لێ وەردەگیرێت ، کارتەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەكاردێـت، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی ساڵی ڕابردو بڕی 100 لیتر نەوتیان وەرگرت ئەمساڵیش نەوتیان پێدەدرێتەوە.

  • 1