ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەبارەی دۆخ و ژیانی مامۆستایان، لیستی پیشەیی مامۆستایان گردبوونەوەیەكی نارازەیی لەشاری هەولێر ئەنجامدا.

رۆژی دووشەممە 12ی شوباتی 2018 سەرۆك و ئەندامان و لایەنگرانی لیستی پیشەیی مامۆستایان و مامۆستایانی خانەنشین لەبەردەم وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە شاری هەولێر گردبوونەوە.

لە گردبوونەوەكەدا نارەزایی مامۆستایانی خانەنیشنان گەیاندە حكومەت و لەراگەیەندراوێكدا لیستی پیشەیی مامۆستایان تیشكی خستە سەر گوزەرانی مامۆستایان و ئەو دۆخە ناهەموارەی كە مامۆستایان پێ تێپەر دەبن و بەتایبەت مامۆستایانی خانەنشین.

مەغدید حاجی سەرۆكی لیستی پیشەیی مامۆستایان بەیاننامەی مامۆستایانی نارازەیی خوێندەوە و تیایدا جەختی لە دابینكردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان كردەوە و رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت لەبەرامبەر ئەو دۆخەی كە بەسەر مامۆستایان و بەتایبەت مامۆستایانی خانەنشین هێناوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەكەی لیستی پیشەیی مامۆستایانە:

بەڕێز وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان

دوای سڵاوو رێزمان

لای هەموو لایەك ئاشكرایە كە هەریەك لە مامۆستایانی خانەنشین و خانەنشینان بە گشتی دوای دەیان سالأ خزمەتكردن، كە مانگانەش بڕە پارەیەك لە مووچەكانیان گێڕدراوەتەوە بەناوی سندوقی خانەنشینی تاكو دوای خانەنشین بوون لەم سندووقە مووچەی خانەنشینیان پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوو، خانەنشینانی خاوەن دەیان ساڵ خزمەتكردن مووچەی خانەنشینیان، كە مافی رەوای خۆیانە بە رێكوپێكی پێنەدراوەو وای لێهاتووە دوای دوو مانگ ئینجا مووچەیەكیان بۆ خەرج دەكرێت، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە بەرامبەر هەزاران كەسی ماندوو دڵسۆز و خزمەتگوزار ئەنجام دەدرێت. بۆیە داواكارین چیتر ئەم غەدركردنە بەردەوام نەبێت و هەموو مانگێك بەرێكی مووچەی خانەنشینان خەرج بكرێت و ئەو مووچانەی پێیان نەدراوە و لای وەزارەتی دارایی ماوە بە زووترین كات بۆیان خەرج بكرێت و دوا یاسای خانەنشینیش كە لە پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندی خانەنشینان دەرچووە، لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت و هەموو مافەكانی خانەنشینان پارێزراو بێت، كە هەر مامۆستاو فەرمانبەرێكیش خانەنشین دەكرێت دوای ماوەیەكی كەم مامەڵەی خانەنشینی تەواو بكرێت و مووچەی شایستەی بۆ خەرج بكرێت، هەروەها لەمەولا بە رێگایەكی شایستە مووچەی خانەنشینی دابەش بكرێت، تاكو لە كاتی وەرگرتنی مووچەدا ئەم مرۆڤە خزمەتگوزار و بەساڵاچووانە ئەزیەت نەچێژن.

لەگەڵ رێزدا

لیستی پیشەیی مامۆستایان

(لیژنەی مامۆستایانی خانەنشین)

هەولێر 12/2/2018

 

  • 1