ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حزبی شیوعی كوردستان لەیادی 14ی شوباتدا كە بەرۆژی شەهیدی شیوعی دانراوە، بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە و تیایدا جەخت دەكاتەوە لە چاككردنی بژێوی ژیانە هاوڵاتییان و بوونی بیمەی كرمەڵایەتی گەڕانەوەی موچەی خانەنشینان و فەرمانبەران و كۆتاییهێنان بەپاشەكەوتی ئیجباری.

دەقی بەیاننامەكەی حزبی شیوعی كوردستان:

بەیاننامەی حزبی شیوعی كوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدی شیوعی

گەلی سەربەرز و خۆراگری كوردستان

بنەماڵەی شەهیدانی گەل و نیشتمان

(14) شوباتی 1949 رژێمی پاشایەتی عێراق، ئەو رژێمەی پایەی حوكمرانی و سیاسی خۆی لەسەر بناغەی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بەریتانیاو وڵاتانی تری بیانی داكوتابوو، هاوڕێی سەركردەو دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراق (یوسف سەلمان یوسف) (فەهد) و ژمارەیەك لە هاوڕێی سەركردەی لە سێدارەداو بەو كارە نەگریس و نامرۆڤانەیەی تاوانێكی تری خستە پاڵ زنجیرە تاوانەكانی خۆی و بەمەش پەردەی لەسەر رووی ئەو سیاسەتە هەڵماڵی كەلەلایەن زلهێزانی ئەوسای جیهان دادەرێژراو رژێمی پاشایەتی عێراقیش جێبەجێی دەكرد.

ئامانجی رژێم، لەم تاوانە كۆتایی هێنان بوو بە كاروانی خەبات و تێكۆشانی شیوعییەكان لەپێناو عێراقێكی دیموكراسی و مافی چارەی خۆنوسی گەلی كوردستان، بەڵام شیوعییەكان سەرلەنوێ بەجۆش و خرۆشێكی نیشتمانی و نێو نەتەوەیی و چینایەتیەوە، بەردەوامیان بەتێكۆشانداو لێنەگەڕان ئەو پیلانەی كە رژێمی پاشایەتی لەپێناویدا هاوڕێ فەهد و هاوڕێكانی لە سێدارەدا، سەربگرێ، ئەم خۆڕاگرییەی شیوعیەكان بووە هەوێن و داینەمۆ و سەر مەشقی بەرپاكردنی شۆڕشی (14)ی تەمموزی (1958) و كۆتایی رژێمی پاشایەتی لە عێراق. 

ئەمڕۆ كە رۆژی شەهیدی شیوعییە، ئێمە بەداخ و حەسرەتێكی زۆر و، بەشانازیمان بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانەوە، یادی شەهیدی سەركردە و سەرجەم شەهیدەكانی حزبمان و سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی دیموكراسیخوازی گەلەكەمان دەكەینەوە، كە لە هەشتا ساڵی رابردوودا لەپێناوی نیشتمانێكی ئازادو گەلێكی بەختیاردا گیانی خۆیان بەخت كرد.

لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە، قەیرانەكان لە كوردستان ولە عێراقدا ئاڵوزتر دەبێت، و پەیوەندیی پاشكۆیەتی، لە نێوان دەسەڵاتەكانی ناوخۆ و ووڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانیدا، درێژەی هەیە، كە لە سایەیدا، ناعەدالەتی و نایەكسانی ڕێزنەگرتنی ئیرادەی گەلان و سەركوت كردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازان و قەیرانی دارایی و بێكاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، بووەتە سیمای سستمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری جیهانی، ئەو سستمەی كە ئەمریكاو ووڵاتانی رۆژاوا بەڕێوەی دەبەن.

هەر لەم بۆنەیەدا، دووپاتكردنەوەی داواكاریمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگیدانە بە بنەماڵەی شەهیدان و لە ئاستی جێبەجێكردنی ماف و خواست و داواكارییەكانیان زیاتر لەوە كەمتەرخەمی نەنوێنێت، هەروەها پێویستە، بەزوویی سیاسەتی جیاوازی كردن لەنێوان شەهیدان، لەسەر بنەمای سیاسەتی چەوت و تەسكی حزبایەتی كۆتایی پێ بهێنرێت كە بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا زۆرینەو كەمینەی سیاسی گواستراوەتەوە بۆ ناو لیستی شەهیدان و بەمەش لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، زولمێكی زۆر لەماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی حزبمان كراوە. كە پێچەوانەی پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و عەدالەتی كۆمەڵایەتییە. 

دیارە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكەو بەتایبەتیش حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندەكانی بڕیار، مێژوو یادو ناسنامەی شەهیدانی گەل و نیشتمان بەرزو زیندوو رابگرن و لەسەر زەمینی واقیعداو لەرێگای خزمەتكردنی بنەماڵەی شەهیدان ئەمە بسەلمێنن. 

گەلی سەربەرز و خۆ راگری كوردستان.. بنەماڵەی شەهیدانی حزب وگەل

لە كاتێكدا ئەمڕۆ یادی شەست و نۆیەمین ساڵوەگەری (14)ی شوبات، رۆژی شەهیدی شیوعی دەكەینەوە، وڵاتەكەمان بەهەل و مەرج و دۆخێكی یەكجار هەستیار و چارەنووس ساز و مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت و گەلەكەمان و سەرجەم دەستكەوتەكانی كە بەخوێنی دەیان هەزار شەهید بەدەست هاتوون كەوتوونەتە بەردەم كۆمەڵێك هەڕەشەی جددی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، كە ئێستا و داهاتووی كوردستانی خستۆتە بەردەم كۆمەڵێك مەترسییەوە، سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە ئاڵۆز و تەماویە جێگای داخە كە لە زۆربەی بوارەكان ولەسەر چەندین ئاستدا كۆدەنگی سیاسی نیشتیمانی درزی تێكەوتووەو هیچ پەندێكمان لێ وەرنەگرتووە. هەموو ئەو كارەسات و تڕاژیدیانەی كە لەچەند مانگی رابردوودا لەباشوری كوردستان بەسەر گەل و وڵاتەكەمان هات، ئەنجامی ئەولێكترازان و كەمتەرخەمی دەسەڵاتە لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەكانی جەماوەر، كە خۆی لە نەبوونی دەرفەتێك بۆ چارەسەری خراپی خزمەتگوزرای گشتی و بێكاریدا دەبینێتەوە و تاكە ڕێگایش بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە مەترسیدارە، پێشەكی بە چاككردنی بژێوی ژیانە هاوڵاتییان و بوونی بیمەی كرمەڵایەتی گەڕانەوەی موچەی خانەنشینان و فەرمانبەران و كۆتاییهێنان بەپاشەكەوتی ئیجباری.

گەڕانەوەیە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی ئیداری و دارایی و گەڕانەوە بۆ ویستی گەلەكەمان و پیرۆزی سەروەری گەل و نیشتمان، كە ئەمە بەبێ تەبایی و یەكریزی ئەستەمە.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی (14)ی شوبات و شەهێدانی ریگای ڕزگاری كوردستان و سەرجەم گەلانی ئازادیخواز، سەری رێزو نەوازش بۆ كەسوكاری شەهیدان دادەنەوێنین. 

مەكتەبی سیاسی 

حزبی شیوعی كوردستان 

14/شوبات/2018

 

  • 1