ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی لە بارەی پرۆژەی بەناو (یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان )

"سیاسەتی حكومەت هەژاران هەژارتر وسەرمایەداران دەوڵەمەندتردەكات "

وەك هەموو لایەك ئاگادارن دوابەدوای ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان، بەتایبەتی نارەزایەتی فەرمانبەران وكرێكاران وخانەنشینان و هەروەها هەڵمەتی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی لە مافی خانەنشینان لە دژی داسەپاندنی سیستەمی پاشەكەوتی موچە و نەدانی موچە لەكاتی خۆیدا، حكومەتی هەرێم پرۆژەیەكی بەناو چاكسازی لە لیستی خانەنشینان و مووچەو دەرماڵە ئامادەكرد. پەرلەمانی كوردستانیش لە رێكەوتی ٢٧-٢-٢٠١٨ پرۆژەكەی پەسەندكرد و دواتریش وەك دەسكەوت بەخەڵكی كوردستانی فرۆشتەوە! بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو پرۆژەیە هیچ لە دۆخی نالەباری ژیان وگوزەرانی خانەنشینان وخەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان ناگۆڕێت لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە :
- ئامانجی حكومەت لەو كارەی باشكردنی ژیانی خەڵك و چاكسازی راستەقینە نییە ونەبوە، بەڵكو دەیەوێ لەو رێگایەوە لە لایەك وەك پروپاگەندەی هەڵبژاردن بەكاری بهێنێت، لە لایەكی تریشەوە ئاراستەی داواكارییەكانی مووچەخۆران بۆ دابینكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا بەلاڕێدا ببات
- هەموو ئەو كەسانەی بەناهەق و بەشێوەی گەندەڵی مووچەیان پێدەدرێت پێویستی بە گۆرینی یاسا وهەمواركردنەوەی نییە، بەڵكو پێویستی بە دادگایی كردنی بكەران ولایەنە پەیوەندارەكانە كە لەو گەندەڵیانەوە تێوەگلاون . 
- دیاریكردنی لایەنی كەمی مووچەی خانەنشینی بە بڕی سێ سەد هەزار دینار ئەوپەڕی بێڕێزی كردنە بە خانەنشینان و بە یاسایكردنی ناهەقییەكانی حكومەتە بەرامبەر خانەنشینان، لە كاتێكدا خانەنشینان پێویستیان بە خزمەتی زیاتر وخزمەتگوزاری زیاتر هەیە كە ئەو بڕە پارەیە بەشی خەرجی چەند رۆژێكیان ناكات. ئەوە لە كاتێكدایە بڕی ئەو پارەیەی پەرلەمانتاران بۆ خانەنشینی خۆیان جێگریان كردوە چوارملیۆن دینارە !
ئێمە وەك پارتە چەپ وكۆمۆنیستەكان و یەكێتی خانەنشینان لە هەڵمەتی داكۆكی لەمافی مووچەخۆران وخانەنشیان لەسەرەتای مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١٧ دەستپێشخەربووین لە هەڵمەتێكی بەرفراوانی جەماوەری لەشاروشارۆچكەكانی كوردستان بەئامانجی داكۆكیكردن لەمافی فەرمانبەران وخانەنشینان وهەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە و دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان، لەم چوارچێوەیەشدا زیاتر لە ( ٥٠٠٠٠ )پەنجاهەزار ئیمزامان كۆكردە و لە كۆبونەوەیەكی ناڕەزایەتیدا لە بەرواری ١٦-٨-٢٠١٧ لە بەردەم نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیران لەشاری هەولێر سەرجەم واژۆكان و داشتێكی سێ خاڵیمان رادەستی نوێنەری حكومەتی هەرێمكرد .
ئێمە جارێكی دیكە جەخت لەسەر خواستەكانی خۆمان دەكەینەوە كە بریتین لە:
- دابەشكردنی مووچەی سەرجەم موچەخۆران و بەتایبەتی خانەنشینان لەكاتی خۆیداو هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی ئیجباری وگەرانەوەی سەرجەم مووچە نەدراوەكان .
- بۆ پاراستنی شكۆیان ، بەمیكانیزمێكی گونجاو و هاوچەرخ موچەكانیان پێ بدرێ نەك لەبەردەم بانكەكاندا بەسەرمای زستان و گەرمای هاوین چەند كاتژمێر بوەستێنرێن .
- زەمانەتكردنی سندوقی خانەنشیانی لە كەرتی تایبەت و گشتی بۆ بەرژەوەندی چین وتوێژەكان گەراندنەوەی پارەی سندوقەكانی خانەنشینی .
جارێكی تریش ئەوە دووپاتدەكەینەوە دەبێت حكومەتی هەرێم بەزوترین كات مووچەی خانەنشینان ومووچەخۆران دابەش بكات لە كاتێكە لەم ساڵ هیچ مووچەیەكی خانەنشینان دابەش نەكراوە وە وجگە لەوەی مووچەی زیاتر لە ساَلێكی خانەنشینان لە دووساڵی رابردوو نەدراوە .
هاوكات هەرگۆرانكارییەك لەمڕۆدا بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان وكرێكاران و سەرجەم توێژە بێبەش و كەمدەرامەتەكانی كۆمەڵگا، پێش هەمووشتێك دەبێت گۆرانكاری بێت لە دیدگای حكومەت بۆ سیاسەتی ئابوری ودەستهەڵگرتن بێت لە سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری حكومەتی هەرێم، كە لەسەر بنەمای قوڵكردنەوەی جیاوازییە چینایەتیەكان دامەزراوەو دواجار هەژاران هەژارتر وسەرمایەداران پارەدارتردەكا وەك لە واقیعی ئەمرۆماندا دەیبینین .

هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ داكۆكی لەمافی خانشینان و فەرمانبەران
٢٨ ی شوباتی ٢٠١٨

 

 

  • 1