ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لە فەرمانێکدا شەش بڕیار لەبارەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.

رۆژی سێ شەممە 13ی ئاداری 2018 لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێماندراوە، بەپێی ماددەی (78) لە دەستووری عێراق و بەپێی بڕیاری ژمارە (305) ی ساڵی 2017 ی ئەنجوومەنی وەزیران، لە پەرۆشیمان بۆ ئاسانكردنی گەشتی هاووڵاتیان لە رێگەی هەردوو فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی، دوای وەڵامدانەوەی دەسەڵاتە نیوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ رادەستكردنەوەی هەردوو فڕۆكەخانەكە بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بەپێی دەستوور، بڕیارمان لەسەر ئەم خاڵانە دا:-

یەکەم: دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی تایبەت بەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان كە تێیدا سەرپەرشتی و دەسەڵات لەژێر فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت. هەروەها دیاریكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو بەڕێوەبەرایەتییەوە و تەنسیبكردنی فەرمانبەران، رێكخستنیان و سوودوەرگرتن لەو پێكهاتانەی ئێستا هەیە لەژێر دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆی فیدراڵیدا دەبێت، پاش دووبارە رێكخستنەوە و هەیكەلیەت و پەیوەستی بە دەسەڵاتی فیدرالی بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:

1- بەشی پاراستنی تایبەتی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەولێر پەیوەست دەبن بەو بەڕێوەبەرایەتییەی سەرەوە.

2- بەڕێوەبەری بەشی پاراستن دەبێت ئەفسەر بێت و نابێت پلەكەی لە (عقید) كەمتر بێت، جێگرەكەشی نابێت پلەكەی لە (مقدم) كەمتر بێت، هەردووكیان لەلایەن وەزیری ناوخۆی فیدڕاڵەوە هەڵدەبژێرێن.

3- دەبێت فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو پاپەندبن بەو پۆشاكەی دیاریكراوە بۆ هێزی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناخۆی فیدڕاڵ بەپێی رێنماییەكانی ژمارە (7) بۆ ساڵی 2014.

دووەم: سیستەمی چاودێری (البایسز) دەبەسترێت بە سیستەمی سەرەكی لە بەغدا كە تایبەتە بە فڕۆكەخانەكان و دەروازەكانی هەرێم بەوشێوەیەی لە دەروازەكانی دیکەی عێراق كاری پێدەكرێت.

سێیەم: فەرمانگەی پاسپۆرت و جنسیە و فەرمانبەرەكانیان لە هەولێر و سلێمانی دەبەسترێن بە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ بەپێی یاسا.

چوارەم: لیژنەی هونەری سەر بە دەستەی گشتیی گومرگ سەرپەرشتی هەناردەكردن و هاوردەكردنی شتومەك دەكات لە هەردوو فڕۆكەخانەكە، پاش بەدەستهێنانی رەزامەندی فەرمی لە لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە هاوردەی خۆماڵی و بیانی و پشكنینی رەزامەندییەكان بەپێی پسپۆرییەكان و، هەروەها بەپێی ئەو بڕیارانەی لە كتابی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا هاتوون کە بە ژمارە (126) لە رێککەوتی 9/5/2011 دەرکراوە.

پێنجەم: رێگە بە گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكان دەدرێت لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم، ئەمەش بەپێی رەزامەندییەكانی دەسەڵاتی ئاسمانی مەدەنی فیدراڵی و پاش تەواوكردنی پێداویستییەكانی ئەم فەرمانە دیوانییە، بە مەرجێك لە یەك هەفتە تێپەڕنەبێت لەو بەروارەوە.

شەشەم: لیژنەیەكی باڵا بۆ سەرپەرشتیكردنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و خاڵە سنوورییەكانی هەرێم پێكدێت، بۆ دڵنیابوون لە پاپەندبوونی بە رێنماییە فیدراڵییەكان، نوێنەری گشت دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی ناوەند لەخۆدەگرێت و هەرێم راپۆرت بەرزدەكاتەوە بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان یان هەركەسێكی تەخویلكراو.

  • 1