ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاره‌كه‌ی حكومەتی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی گشتی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هەنگاوێكی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان.

رۆژی سێ شەممە 13ی ئاداری 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەمیانەی كۆنفراسێك بۆ ئامرازەكانی راگەیاندن وتی، "ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم پێشوازی له‌و بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ین بۆكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان و ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكی گرنگه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگەیاند، هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عه‌بادی به‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی و ناردنی موچه‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران، هه‌نگاوی دیكه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌دوادابێت له‌به‌ر رۆژنایی ماده‌كانی ده‌ستوری عیراق.

له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای په‌سه‌ندكراوی بودجه‌ی گشتی 2018 بۆ په‌رله‌مان، نێچیرڤان بارزانی وتی: هیوادارین دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕگه‌و ماده‌كانی بودجه‌ بكرێت و داواكاری هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت.

وتیشی: ئه‌وه‌ی له‌بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌، مافی راسته‌قینه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێم نییه‌، سوپاسی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ین كه‌ بودجه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام ده‌بوایه‌ كوتله‌كانی په‌رله‌مانی عیراقیش ئه‌و زوڵمه‌یان له‌هاووڵاتیانی هه‌رێم نه‌كردایه‌.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا ئیراده‌مان هه‌بێت، ده‌توانین به‌گوێره‌ی ده‌ستور، كێشه‌كانی نێوانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و راشیگه‌یاند:"ئه‌مه‌ هه‌نگاوی گرنگی یه‌كه‌مه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی راست و چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی دیكه‌".

سه‌باره‌ت به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ كه‌ ئایا به‌بێ پاشه‌كه‌وت ده‌بێت، بارزانی وتی:" تائێستا روون نییه‌ به‌غدا به‌ شێوازێك موچه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات و چه‌ند پاره‌ ده‌نێرێت، هه‌ر كاتێك شێوازه‌كه‌ی روون بۆوه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ین چۆن موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ی هه‌رێم دابه‌ش بكه‌ین".

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، ناردنی موچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، له‌ به‌رامبه‌ر هیچ شتێك نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێم هاوڵاتی عیراقین و عه‌بادیش سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عیراقه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

وتیشی: كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا كێشه‌ی بودجه‌و موچه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ روئیای عیراق روون نییه‌، نابێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرین كه‌ به‌ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌نرێن.

  • 1