ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان رۆژی دووشەممە 26ی ئاداری 2018 راگەیەندراوێكی لەبارەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵكی كوردستان بڵاوكردەوە و تیایدا داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە پەلە بكات لە كۆتاییهێنان بە پاشەكەوتی ئیجباری موچە.

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

 

راگەیاندراوی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان لەبارەی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵكی كوردستان

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، پاڵپشتی خۆی دووپات دەكاتەوە بۆ پشتگیری داوای رەوای موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و كەرتی پەروەردەو تەندروستی بەتایبەتی، كە دوو بواری خزمەتگوزاری گرنگن، مافی موچە خۆران لەنێوان بەڵێنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدادا پێشێل دەكرێت و وەڵامی كرداری داوا رەواكانیان نادرێتەوە، بۆیە حزبمان جارێكی تر جەخت لەسەر هەموو شێوازێكی تێكۆشانی دیموكراتی و مەدەنی و ئاشتیانە دەكاتەوەو ئەم خاڵانە دەخاتەڕوو:

1- گردبوونەوەو خۆپیشاندان مافێكی رەوایە و ناكرێت ڕێگری لێ بكرێت. پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بەرپرسیار دەزانین لە تێكچونی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان و كۆی دەرئەنجامە خراپەكانی ئەم بارودۆخە ئارامی و ئاسایشی هەرێم بەندە بە جێبەجێكردنی داواكاریییەكانی جەماوەرەوە، نەك پەنابردن بۆ توندوتیژی بەرامبەر مانگرتووان، پێویستە چارەسەری كرداری و پەلە بۆ داوای مانگرتوان ببینرێتەوە.

2- ئیدانەی هەموو سوكایەتی و توندوتیژیەك لەبەرامبەر مانگرتوان و خۆپیشانداندەران دەكەین و رەتی دەكەینەوەو پێویستە رێز لە ئیرادەیان بگیرێت‌وپێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەرپرسیارێتی خۆیان بەشێوازی یاسایی‌و مەدەنی‌و دیموكراسیانە پەیڕەو بكەن‌و سزای ئەو كەسانەش بدەن كە پێشێلی مافی مرۆڤ دەكەن.

3- وەكو لەبەیاننامەو راگەیاندنەكانی پێشوماندا رامانگەیاندووە، جەخت دەكەینەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەلە بكات لە كۆتاییهێنان بە پاشەكەوتی ئیجباری موچە.

4- داواكارین كارمەندانی تەندروستی و مامۆستایانی كوردستان بژاردەی بایكۆت پەیڕەو نەكەن، چونكە دوو بواری ژیارین و پەیوەندی بە پاشەڕۆژ و ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە و خەڵكانی هەژارو نەداری گەلەكەمان تیایدا زەرەرمەند دەبێت.بەڵام مافی هەمووانە هەموو شێوازێكی مەدەنی‌و دیموكراسی بگرنە بەر بۆ پیشاندانی هێزو ئیرادەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەكانیان.

سەركەوتوبێت ئیرادەی گەلەكەمان

 

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

26/3/2018

  • 1