ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، خانمان لە جوانكارییەكان ئاگاداردەكاتەوەو رایگەیاند، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە و لە فرۆشگایەكی جوانكاری لە شاری سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر بۆیەی قژدا گیراوە.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەشێك لە بۆیەكان ماوەی بەكارهێنانەكەی بەسەرچووە و بەشەكەی تری بەهۆی نەبوونی بەرواری دروستكردن و بەسەرچوون و سڕینەوەكەیەوە، دەستی بەسەردا گیراوە. 

وتیشی، "بەپێی ڕێنماییە پزیشكیەكان و لەكاتی بەسەرنەچوونی دا، بۆیەی قژ كاریگەری خراپ بۆسەر بەكارهێنەرانی دروست دەكات، وەكو هەڵوەرین و سوتاندنی قژەكە، كەواتا ماوەی بەكارهێنانەكەی بەسەر چووبێت مەترسی زیانەكانی چەند بەرامبەر دەبێت".

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی داوا لە خانمان دەكات لەكاتی بازاڕكرن و كڕینی پێداویستیەكانیان، گرنگی زیاتر بدەن بە بەرواری دروستكردن و بەسەرچوونی ئەو كاڵاوشمەكانی بەكاریدەهێنن و خۆیان لە هەموو ئەو شتانەی ماوەكانیان بەسەرچووەكان بپارێزن، لەبەرئەوەی زیانێكی زۆر بۆسەر تەندروستییان دروست دەكات.

رونیشیكردەوە، بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەربە لیژنە هاوبەشەكانەوە، سەرجەم ئەو ماددانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

پێداچونەوە: رێگای كوردستان

  • 1