ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە جدی بەشدار دەبین لە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و نیگەرانی شەش لایەنەکە بەجیدی وەردەگرین.

رۆژی چوارشەممە 16ی ئایاری 2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا بەمیدیاكانی راگەیاند، "من دەمەوێت لەسەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە گەلی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و گەلی کوردستان بکەم، سوپاسی هەموو ئەو هاووڵاتیانە دەکەم کە بەشداریانکرد لە پرۆسەی دەنگدان، کە ئەلحەمدوللا بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو بەبێ ئەوەی کێشەی گەورە دروست ببێت، ئەوەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی باشبوو بۆ هەموو گەلی عێراق بە تایبەتی کە لە رووی ئەمنییەوە هیچ کێشەیەکی وا گەورە رووینەدا، ئێمە هیوادارین دوای ئەو هەڵبژاردنە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی هەموو سیاسییەکانی عێراق دەرسێک فێر ببن، ئەوەیش ئەوەیە کە زیاتر گرنگی بدرێت بە پێداویستی و داواکاری خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی بەختەوەر و دۆخێکی باشتر لەرووی خزمەتگوزاری و ئیشوکارەکان بۆ خەڵک، ئێمە هیوادارین".

نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی نیگەرانی شەش لایەنی کوردستانی لە ئەنجامی هەڵبژاردن گوتی: "ئەو شەش لایەنەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیەوە لەپرسی هەڵبژاردن لە سلێمانی و کەرکووک، بۆ تەواوکردنی قافیەی شیعرەکەیان هەولێر و دهۆکیشیان تێخستووە، بەڵام هەر نیگەرانییەک هەیە دەبێت بڕەوێتەوە، نیگەرانی ئەو شەش لایەنە بە جدی وەردەگرین و وەک سەرۆکوەزیران داوا لە کۆمیسیۆن دەکەم زۆر بە جدی کاری لەسەر بکات".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی راشیگەیاند، "لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا دەستپێدەکات، ئێمەش وەکو لایەنی خۆمان، لایەنی کوردی زۆر بە جدی بەشدار دەبین لەو گفتگۆیانەی لە پێناو حکومەتی تازەدا دەکرێت. بە تەئکید هەرێمی کوردستان هەست دەکات کە قۆناخێکی تازەیە لە دەستپێکردنێکی تازە لە عێراقدا، دەیەوێت لەسەر بنەمای تەوافوق و شەراکەت لەگەڵ بەغدا ئینشەڵڵا بگات بە چارەسەرێک لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق و گەلی کوردستانیشدا بێت، بەو هیوایەوە دەڕواتە بەغدا، لەو بابەتەدا یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان یەکجار زۆر گرنگە، پێویستە یەکڕیزی ناوخۆمان بپارێزین و بە یەکگرتوویی لە بەغدا ئامادە ببین".

  • 1