ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر‌ رۆژی چوارشەممە 16ی ئایاری 2018 لە راگەیەنراوێکدا دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە هەولێر رەتدەکاتەوە و دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە هیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە بوونی نییە.

لە راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێردا هاتووە "دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌بوونی نه‌خۆشی ئیبۆلا له‌ چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونتێک، به‌ڕێوه‌به‌را‌یه‌تی كاروباری پاراستنی تەندروستی هه‌ولێر و تیمه‌ پسپۆرییه‌كان ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنین ده‌كه‌ن ده‌ره‌نجام هیچ حاله‌تێكی نه‌خۆشی ئیبۆلا ده‌رنه‌چووه". 

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی پشکنینەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان نموونه‌كانی خوێنی ره‌وانه‌ی تاقیگه‌ی ناوه‌ندی به‌غدا كردووە و دوای دووباره‌ پشكنینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زارەتی ته‌ندروستی عێراقی فیدرال ئەمڕۆ دڵنیاكراونەتەوە كه‌ هیچ حاله‌تێكی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ نییه‌ و پشكنینەكان نێگەتیفە.

لە راگەیەنراوەکەدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر‌ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كه‌ بڵابوونەوەی ئەو هەواڵە ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی بێ بنه‌مایه‌ و دروستكردنی دڵه‌ڕاوكێییه‌ و ئەم ده‌نگۆیه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

لە کۆتاییدا ئیدانه‌ی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك کراوە كه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی زانستی و تاقیگه‌یی هه‌ڵبستێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆرە پڕوپاگه‌ندانه‌.

  • 1