ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نیزام شەبیب

 

بەشێک لە ئافرەتانى کوردستان، هۆکاری زیادبوونى توندوتیژییەکانى دژ بە ئافرەتان بۆ خراپی دۆخى ئابووری و زاڵبوونى نەرتی کۆنەپارێزانە دەگێڕنەوە، ئەوان بەڕێوەبردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە گرنگ دەزانن.

 

بەپێی ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژی دژ بە ژنان، لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵ ١٠ حالەتى کوشتنى ژنان و ٢٦ حالەتى خۆکوشتن هەبووە لە هەرێمى کوردستان دا تۆمار کراوە، ئەوە جگەلە دەیان حالەتی سووتان و خۆسووتاندنی ژنان لەو ماوەیەدا.

زارا ئەحمەد پیشەى مامۆستایە و دانیشتووى شارۆچکەى ڕانیەیە، بە "ڕێگای کوردستان" دەڵێ؛ "بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ببینەوە و کار بۆ نەمانى یان کەم بوونەوەى بکەین دەبێت بارودۆخی سیاسی ناوچەکە ئارام بکرێتەوە و بەپێی توانا هەوڵی دوور خستنەوەی کۆمەڵگا بدرێت لە شەڕ و نەهامەتییەکانی جەنگ بۆ سەر هاووڵاتی و ئارام کردنەوەی لایەنی دەروونی تاک، هەروەها هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک بدرێت".

ئەو بە پێویستی دەزانێت؛ دایکان و باوکان بتوانن مناڵەکانیان بە دروستی پەروەردە بکەن و دوور بن لەجیاکاری ڕەگەزی و تاکی سوودبەخش بەرهەم بێنن و بەرپرسیار بن هەم بەرانبەر خۆیان و هەم کۆمەڵگا، بەم شێوەیە دەتوانین توندوتیژی دژ بە ژنان کەم بکەینەوە".

ژینۆ خەلیل چالاکى بواری ژنان و دانیشتووى گەرمیان، زیادبوونى توندوتيژییەکان دژ بەئافرەتان بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێ؛ "زاڵبوونی کولتوور و نەریتی کۆن، کە بەداخەوە کۆمەڵگا نایەوێت ئەو دابونەریتانە بشکێنێت کە بەشێکی زۆری بووەتە ئافاتی گیانی ئافرەتان و ئافرەتان ھەمیشە بەپلە دوو سەیر دەکرێن و ئەو حسابەی بۆ پیاو دەکرێت بۆ ژنان ناکرێت".

زیاتر دەڵێ؛ "ئافرەتان خۆیان نایانەوێ بێنە پێش و مافەکانیان وەرگرنەوە، بەزۆری چاوەڕێی پیاوانن بێن دەستیان بگرن و ڕێگەی ڕاستیان پێ نیشان بدەن، خۆیان بە لاوازتر لە پیاوان دەزانن، ئەمەش وادەکات پیاوان بە بچووکتر لەخۆیان ئافرەتان ببینن".

زارا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات؛ "زۆربەی ئافرەتان ناتوانن وەکو پیاوان خاوەن کار و داھاتی خۆیان بن و کەمتر لەپیاوان ھەلی کاریان بۆ دەڕەخسێ، بۆیە ئەمە خەمی ھەرە گەورەی  ئافرەتانە، کە دەبێت چاوەڕێی دەستی مێرد یان باوک و برایان بن تا بیانژێنن، بەشێک لەپیاوانیش لەبەرانبەردا دەیانچەوسێننەوە. لەهەمان کاتدا خراپی بارودۆخی ئابوورییش هۆکارێکی کاریگەرە بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان".

هەیفا مەجید ژنە نووسەرى دانیشتووى شارۆچکەى کەلار، بۆ "ڕێگای کوردستان" باس لەوە دەکات؛ "بێدەنگبوونی ئافرەتان بەو توندوتیژیەی بەرانبەری دەکرێت، کە هیچ پەرچەکردارێکی نییە وهەموو جارێک قبوڵى دەکات، ئەوە وا دەکات کێشەکان بەردەوام دووبارە بننەوە".

ئەو دووپاتی دەکاتەوە؛ "دابونەریت یەکێکی ترە لەهۆکارەکانی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان، چونکە هەر لەسەردەمی کۆنەوە نێرینە خراوەتە پێش مێینەوە و لەهەموو شتێک پلەی یەکەمی پێ دراوە. جگەلە پەروەردەى هەڵەى خێزانەکان، کە زۆرجار جیابوونەوەى  دایکان و باوکانى لێدەکەوێتەوە، کار دەکاتە سەر نێرینە و وای لێ دەکات کاتێک گەورە بێت کەسێکی توندوتیژ دەرچێت".

ئەو ژنە نووسەرە، ڕەخنەش لە "جێبەجێ نەکردنی یاسا بەسەر ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن کە سزا نادرێن و  خۆدزینەوە لە سزادانی تاوانبارانی ڕاستەقینە هەیە".

  • 1