ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی هه‌ولێر، داوا لە هاوڵاتیان دەکات کەمتر ئاو خه‌رج بکەن و دەستی پێوە بگرن، چونکە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە ژمارەیەک گەڕەکی شاری هەولێر رووبەڕووی کەم ئاوی بوونەتەوە.

ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوی هه‌ولێر رایگه‌یاند "ساڵانە لە وەرزی هاویندا لە هەولێر رووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی دەبینەوە و ئەمساڵ بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو کێشەکە هەیە كه‌م ئاوی رووبەڕووی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شاری هه‌ولێر بۆتەوە".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاوی هه‌ولێر راشیگه‌یاند "هۆکارەکان زۆرن یەکێک لەوانە کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی و زیادبوونی بیرەکان و فراوانبوونی گەڕەکەکان و فشاری زۆر لەسەر بیری ئیرتیوازی و هەروەها به‌ به‌فیڕۆدانی بڕێكی زۆری ئاو له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هاووڵاتیان ".

وتیشی "لە هەوڵداین کێشەی سەرجەم ئەو گەڕەکانە چارسەر بکەین لە سەنتەری شاری هەولێر کە کێشەی ئاویان هەیە، بەوەش داواکارین لە هاوڵاتیان ئاوی کەمتر بەکار بهێنن، ئەگەرنا قەیرانی ئاو لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر بەتەواوی دروست دەبێت".

ئاری ئەحمەد، باسی له‌وه‌ش کرد، ‌له‌ شاری هه‌ولێر نزیكه‌ی 300 بیر له‌سه‌ر كاره‌بای ماڵانن، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكیان مۆلیده‌ی تایبه‌تیان بۆ دابینكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆی زیاده‌ڕۆیی له‌ به‌كارهێنان له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانه‌وه‌، كێشه‌ی كه‌م ئاوی دروست بووه‌، قەیرانی کەمی ئاو لەو گەڕەکانە سەری هەڵیداوە".

  • 1