ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا گەشەی بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکەین کە لە ئەمساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە نزیک بە ١٢ ملیار دۆلار".

نەوزاد ئەدھەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵو-ی راگەیاندووە، "رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە بەراورد بە پار ساڵ ٢٠١٧ باشترە، ھەرێمی کوردستان وەکو سەنتەرێکی بازرگانییە بۆ گشت عێراق، بە نموونە ئەگەر تەماشای ھاوردەکردنی ئۆتۆمبیل بکەین و بەراوردێک لە نێوان ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بکەین دەبینین کە بەڕێژەی سەد لەسەد رێژەکە زیادی کردووە، لەڕاستییدا ئەو ئۆتۆمبیلانە ھەمووی لە ھەرێمی کوردستان نامێنێتەوە و دەچێتە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لەوێ بازاڕەکە زیاتر و باشترە".

نەوزاد ئەدھەم راشیگەیاندووە، "ھەرێمی کوردستان دۆخێکی ئابووری و دارایی سەختی ھەیە، بەڵام باری ئابووری خەڵکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە چەند ساڵی رابردوو واتە لە ٢٠١٤ تا ئەمساڵ باشترە لە دۆخی دارایی خەڵک لە ھەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەتی عێراق پشکی ھەرێمی کوردستان بە شێوەی رێکوپێک نانێرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکان دەست پێبکەنەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھەزاران پڕۆژە ھەیە و راوەستاون".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێم باسی لەوەشكرد كە، "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا گەشەی بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەکەین کە لە ئەمساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە نزیک بە ١٢ ملیار دۆلار، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش تەنھا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو رێژەی ٧٥ لەسەدی ئەو کاڵایانەی لە تورکیاوە دێنە نێو ھەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات و تەنھا رێژەی ٢٥ لەسەدی ئەو کاڵایانە لە سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دانیشتوانەکەیەتی، ئەم رێژەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستانیش ھەمان رێژەیە".

  • 1