ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ته‌مووزی 2018، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت "دەسەڵاتی ئەوەمان نییە یەك رۆژیش بۆ خۆمان درێژبكەینەوە، بەڵكو بەپێی یاساكە دەتوانین 90 رۆژی دیكە بەردەوام بین".

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەمیدیا ناوخۆیەكانی راگەیاند "بەپێی یاسا ئەم خولەی ئەنجومەن كۆتایی هاتووە، بەڵام بەپێی ماددەی (31) لە بڕگەی (3)ی یاساكە هاتووە دوای تەوابوونی خولەكە ئەگەر ئەستەم بوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەنجومەن بۆی هەیە بۆ ماوەی 90 رۆژ بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵبژاردن دەدات".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی "ئێمە بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی درێژكردنەوەی ئەم خولەمان نیە تەنانەت بۆ یەك رۆژیش، ئەوە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە".

ئاماژەی بەوەشدا "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان رونكردنەوەیەك لەبارەی كۆتاییهاتنی ئەم خولەی ئەنجومەن دەدەین، پاشان گفتوگۆ لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی تەندەری مساتەحەی عەلوەی نوێی سلێمانی و گرتنەبەری رێكار بۆ رێگری لە تملیك كردنی وەبەرهێنەر دەکەین".

 

باسی لەوەشكرد" هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیار لەسەر كۆنووسی لیژنەی كاروباری یاسایی سەبارەت بە پێكهێنانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەدەین، هەروەها بڕیار لەسەر فراوانكردنی نەخشەی گوندی میرەدێ‌ لە ناحیەی زەڕایەن بۆ رێگرتن لە زیادەڕەوی و دروستكردنی نەخشەی نوێ‌ بەپێی رێنمایی كشتوكاڵ و شارەوانی و رەزامەندی لایەنەكان.

ئ.ح

  • 1