ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ندكرد.

رۆژی چوارشەممە 11ی تەموزی 2018 پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكی خۆیدا، بەتێكرای دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم په‌سه‌ندكرد.

به‌گوێره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌یاساكه‌ش، كاره‌ كارگێڕیی و داراییه‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ده‌بێت.

دەقی پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:

ماده‌ی یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامنادرێت.

ماده‌ی دوه‌م: پێكدێت له‌دوو بڕگه‌:

1ـ كاركردن به‌یاسای ژماره‌ 2ی ساڵی 2017 دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رده‌وامده‌بێت.

2ـ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وامده‌بێت له‌ئه‌ركه‌ كارگێڕیی و داراییه‌كانی.

ماده‌ی سێیه‌م: خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو وه‌رزی گرێدراوی یه‌كه‌میدا له‌ژێر ڕۆشنایی پێوه‌ره‌ گشتیه‌ ده‌ستوریه‌كان بڕیار له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات.

ماده‌ی چواره‌م: كار به‌هیچ ده‌قێكی دیكه‌ ناكرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ بێت.

ماده‌ی پێنجه‌م: له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پێویسته‌ ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێبكات.

ماده‌ی شه‌شه‌م: ئه‌م یاسایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌رچونی له‌ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی وه‌قایعی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

هۆیه‌كانی ده‌رچواندن: له‌پێناو سازان له‌سه‌ر سیستمی حوكمڕانی ئه‌م یاسه‌ ده‌رچوێندرا، به‌و پێیه‌ش په‌رله‌مانی‌ كوردستان پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ خسته‌ خولی‌ داهاتوی‌ خۆی‌.

  • 1