ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بڕیار محەمەد- رێگای كوردستان 

بەشی ڕاگەیاندنی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، ئەمڕۆ پێنج شەمە 12ی تەمموزی 2018 لە راگەیەنراوێكدا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 13 تۆن دەرمانی لەناوبردنی مێروو و گژووگیای لەلایەن بنكەی پۆلیسی گومركی مەرزەكەوە ڕاگەیاند.

وێنەیەكی ئەو راگەیەنراوە بە "رێگای كوردستان " دراوە هاتووە " پاش دەستكەوتنی زانیاری، لەلایەن بنكەی پۆلیسی گومركی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە دەست گیراوە بەسەر 13 تۆن و 380 كیلۆگرام دەرمانی لەناوبردنی گژوگیا و مێروودا".

ئەوەش هاتووە " شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بەنیاز بووە بە شێوەیەكی نایاسایی و بەشێوەی قاچاخ دەربازی بكات".

ئەوەش رونكراوەتەوەكە "پاش دەستبەسەرداگرتنی ڕەوانەی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گومركی گەرمیان كراوە بۆ ئەنجامدانی ڕێكاری یاسایی".

پەروێزخان خاڵێكی سنووری فەرمیی نێوان عێراق و ئێرانە، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای خانەقینە، دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی بەعقووبە بەدووری 155 كیلۆمەتر، ڕۆژانە جگە لە هاتووچۆكردنی گەشتیاران، بە سەدان ئۆتۆمبێل لەڕێگەی مەرزەكەوە شتومەك هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەپێی مادەی 140 ی دەستووری عێراق یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 

  • 1