ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

كۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی گرێبەستێك لەسەر هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا واژۆدەكات، لەئێستاشدا دەتوانێت دەست بە پەرەپێدانی پرۆژەكە بكات.

كۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، كە چەند گرێبەستێكی بەرهەمهێنانی هاوبەش و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و هەناردەكردنی بۆ توركیا لە كێڵگەكانی میران و بنەباوی‌ لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا دوای هەمواركردنەوەیان واژۆكردووە.

ئەو گرێبەستانەش گرێبەستێكی پێشووتر لەخۆدەگرێت كە لەساڵی دوو هەزارو پێنجدا لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكراوە.

گەنەڵ ئێنێرجی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە دوای ئەوەی بە فەرمی گرێبەستەكان پشتڕاستكراونەتەوە، لەئێستا دەتوانێت دەستبكات بە پەرەپێدانی پرۆژەكە و كۆمپانیاكەیان پابەند دەبێت بە پەرەپێدانی ئەم كێڵگە فراوانانە كە تێچوونییان كەمە و لەسەر وشكانین و دەبێتە بەردی بناغەی هەناردەكردنی غاز بۆ توركیا، ئەوەش بەپێی رێكەوتنی فرۆشتنی غازی ساڵی دوو هەزارو سیانزە لەنێوان هەرێم و توركیادا.

بەپێی ئەو خاڵانەی لە گرێبەستەكان جێگیركراون، هەریەك لە حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكە بژاردەی ئەوەیان لەبەردەستدایە كە هەتا مانگی شوباتی دوو هەزارو هەژدە گرێبەستەكە هەڵبوەشێننەوە، لە كاتێكدا ئەگەر مەرجە پێشوەختەكان لەماوەی دوانزە مانگدا جێبەجێ نەكران، ئەوا هەرێم مافی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی هەیە.

بەپێی مەرجێكی دیكەی گرێبەستەكە، لەماوەی سێ ساڵی یەكەمی دوای هەڵوەشاندنەوەیەكی لەو جۆرەش، گەنەڵ ئینێرجی دوای یەكەم رەتكردنەوە مافی ئەوەی هەیە بەشداری لە پەرەپێدانی كێڵگەكاندا بكات بە بڕی قازانجی لەسەدا چل و نۆ بە هەمان ئەو مەرجانەی بۆ هەر لایەنێكی سێیەم دەخرێتەڕوو.