ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەمەڕ داهاتوو چارەنووسی پەخشی كەناڵە لۆكاڵییەكان لەشاری هەولێردا كۆمپانیای یونایتد میكس میدیا لەروونكردنەوەیەكیدا رایگەیاند" تەنها ئەوان نین كە مۆڵەتی كاركردنیان بۆ پەخشی كەناڵە ناوخۆییەكان وەرگرتبێت و كۆمپانیای دیش هەن، دەنگۆی وەرگرتنی بڕی 30 دۆلاری مانگانەش لە بەكارهێنەران رەتدەكاتەوە.

كۆمپانیاكە لەو روونكردنەوەیەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو" ئێمە بەرپرسیار نین لەو رسیڤەرە ساختانەی لە بازاڕەكاندا بە ناوی رسیڤەری كۆمپانیای یونایتد میكس میدیاوە دەفرۆشرێن. رسیڤەرەكانی یونایتد میكس میدیا فۆرمی تایبەتی فرۆشتنیان لەگەڵە و سەرجەمیان ژمارەی زنجیرەییان لەسەرەو هاووڵاتیان لەكاتی پەیوەندیكردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری بەشداربووانمان ئەو ژمارە زنجیرەییە دەخوێننەوەو لەسەر سیستمی ئێمەدا تۆماردەكرێن. سەبارەت بەوەرگرتنی پارە لەبەرامبەر پەخشی كەناڵەكان لەهاووڵاتیان كۆمپانیاكە رایدەگەیەنێت" ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە كە باس لەوەدەكەن كۆمپانیای یونایتد میكس میدیا مانگانە بڕی سی (30) دۆلار لە هاووڵاتیان وەردەگرێت لە بەرامبەر بەكارهێنانی رسیڤەرەكانمان. بە پێچەوانەوە كۆمپانیا بۆ هەر رسیڤەرێك گەرەنتی یەك ساڵی داوە".كۆمپانیاكە ئەوە ئاشكرادەكات" لەساڵی 2012 وە تا ئێستا زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن دۆلارمان خەرجكردووە و لە كاتی تەواوبوونی پرۆژەكە كۆی گشتی وەبەرهێنان لە پرۆژەكەدا دەگاتە سی و حەوت ملیۆن دۆلار.