ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

عومەر ئاوارە

 

عەبدولقادر بازرگان سەرۆكی پارتی چاكسازی پێشكەوتنی توركمان لە دیمانەیەكی تایبەتی(ڕێگای كوردستان)دا باس لە سەر ئایندەی توركمان لە گەڵ هەرێمی كوردستان دەكات وراشی دەگەیەنێت كە ئەوان وەكو توركمان لە گەڵ گەڕانەوەی كەركوك وناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانن بۆ سەر هەرێمی كوردستان ولە گەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندان.

_ ئێووە وەكو توركمان تا چەند لە گەڵ ئەوەدان كە هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

_ ئێمە وەكو توركمان لە لایەك و وەكو پارتی چاكسازی پێشكەوتنی توركمان لە لایەكی دیكەوە لە گەڵ ئەوەداین كە هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، چونكە ئێمەی توركمان چەند سەدەیەكە لە گەڵ دەوڵەتی عێراقداین بەڵام بە هیچ جۆرێك مافەكانمان نە دابین كراوەو بە دەست نیشان كراوە ، پەیام وداواكاری ئێمە ئەوەیە كە كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت لە هەموو ڕوێكەوە چونكە ئێمەی توركمان پێش كورد پێویستیمان سەربەخۆیی كوردستانە.

_ گەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەو كاتە چەند سودی بۆ ئێووەی توركمان دەبێت؟

_ئێستا كوردستان دەوڵەت نییەو هەرێمە كەچی زۆربەی مافەكانی بۆ دابین كردوین، ئەگەر ببێتە دەوڵەت ئەو كاتە مافەكانمان زیاتر دەبێت، چونكە ئێمە بڕوامان بە هەرێمی كوردستان هەیە، ئێمەی توركمان زۆر دەمێكە لە ناو عێراقدا دەژین بەڵام وەكو هەرێمی كوردستان مافی بۆ دابین نەكردووین، لە ساڵی 1970 حكومەتی عێراق مافی ڕۆشنبیری پەروەردەیی بە توركماندا بەڵام دوای ماوەیەك ئەو مافە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە پێشێل كراو كۆتایی پێ هێنرا ، بەڵام لە ناو هەرێمی كوردستان خودی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرگری لە مافی پێكهاتەكانی ناو هەرێم دەكات بە تایبەت ئێمەی توركمان، بۆ ئێمەی توركمان لە گەڵ كورددا لە ناو پاپۆڕێكداین گەر كونێكی تێبكەوێ‌ ئەوا هەموومان لە ناو دەچین.

_ ئێووەی توركمان چی سودێكتان لە هەرێمی كوردستان بینیووە؟

_ سودی نەتەوەیی وسیاسی وكۆمەڵایەتی ەتەنانەت ئابوریشمان لە گەڵ هەرێمی كوردستان بینیووە.

_ وەڵامتان بۆ ئەو لایەنە توركمانانە چییە كە دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی وسەربەخۆیی كوردستان؟

_ لە راستیدا زۆرینەی لایەنە سیاسیە توركمانییەكان لە گەڵ ئەوەدان كە هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ ، بەڵام ڕەنگە بەرەی توركمانی پێداگری لەوە بكەن كە كوردستان نەبێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.

_ ڕۆڵی هێزەكانی چۆن دەنرخێنن لە پاراستنی ئەو ناوچانەی كە توركمان نشینن وەك گوندەكانی بەشیر وتازە خورماتووی باشوری كەركوك؟

_ ئێمە وەكو توركمان ئیعتمادێكی سەرەكیمان لە سەر هێزی پێشمەرگەیە بوچ پاراستنمان، چونكە هێزی پێشمەرگە توانی لە هەموو ڕوێكەوە نەتەوەی توركمان ونەتەوەكانی دیكەش دەپارێزێت، ئەوەتا لە كەركوك توركمانێكی زۆر هەیە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە زۆرینەیان دەفەوتان، چونكە توركمان میللەتێكی بێ‌ چەكن، ئەو كاتەی كە حكومەتی عێراق هێزەكانی لە كەركوك كشاندەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبوایە ئەوا توركمانەكان تووشی كێشەو گرفت دەبون، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە تەنها بەرگری لە كورد ناكات ، بەڵكو لە توركمان وعەرەب وكلدو ئاشوریش دەكات وئەوەتا ئەو عەرەبانەی دەوروپشتی پارێزگای موسڵ داوای ئەوەیان كردووە كە ئەوانیش هێزیان هەبێت لە ناو هێزی پێشمەرگە ، تەنانەت لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا هێزێكی زێرەڤانی بۆ ئەو عارەبانە دروست بو لە بەرئەوەی ئەوان بڕوایان بە هێزی پێشمەرگە هەیە.

_ ئێووە لە گەڵ هاتنی حەشدی شەعبیدان بۆ كەركوك؟

_ حەشدی شەعبی هێزێكی نیزامی نییە وئەو سەر بە نوری مالكییە، ئەو هێزە بۆ ئەوە دروستبووە كە لە دەوروپشتی كەركوك وموسڵ جێگیر بكرێت ئێمەی توركمان هیچ ئیعتمادێكمان لە سەر حەشدی شەعبی نییە وئیعتمادمان لە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

_ پێتان باشە توركمان هێزی سەربەخۆیی هەبێت یاخود بەشێك بێت لە هێزی پێشمەرگە؟

_ دەبێت توركمانەكان لە گەڵ هێزی پێشمەرگەدا بن، چونكە هێزی پێشمەرگە هێزێكە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی كە كورد وتوركمان تێدا پێكەوە دەژین، لە هێزی پێشمەرگە زیاتر هیچ هێزێكی دیكە ناتوانیت بەرگری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بكات.

_ پەیوەندیتان وەكو توركمان لە گەڵ هەرێمی كوردستان چۆنە؟

_ بەشێكی هەرە زۆری توركمانەكانی ناوەوەی هەرێمی كوردستان ودەرەوەی هەرێمی كوردستانیش لە گەڵ هەرێمی كوردستانن بە ڕێژەی 95%.

_ ئێووە لە گەڵ ئەوەدان كە كەركوك وناوچەكانی دەوروبەری بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان؟

_ ئێمە وەكو پارتی چاكسازی پێشكەوتنی توركمان پێمان باشە كەركوك وناوچەكانی دەوروبەری هەرێمی لە سەر هەرێمی كوردستاندا بێت، لە بەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مافەكانمان دەپارێزێت، بەڵام ئەوە لە سەر دانیشتوانی ئەو شارە دەمێنێتەوە وئەوان چی بڕیارێك بدەن لە سەر چارەنووسی شارەكەیان ئێمەش ڕێز لە بریارەكەیان دەگرین.