ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خۆرخێ مێندێزی بەرێوبەری كارەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس، پێی وایە ئەو هێرشبەرە پورتوگالیە زۆر لە پێلێی ئەستێرەی مێژوی تۆپی پێ و هەڵبژاردەی بەرزایل باشترە.

لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی نزیك لە یانەی یۆڤانتۆس مێندێز وتی.. "بە پێی ئەو ژمارانەی رۆناڵدۆ تۆماریكردون، بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو یاریزانە باشترینی مێژوی تۆپی پێ یەو ئامارەكانی درۆ نین و فێڵی تێدا نیە".

بەڕێوبەری كارەكانی ئەو یاریزانە وتیشی.."كریستیانۆ بەوەی كە لە چەند شوێنێكی جیاواز یاریكردوە لە یانەكانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا، لەگەڵ پورتوگالیش هەمو شتێكی ئەنجامداوەو سەلماندوێتی كە باشترین یاریزانی مێژوە".

لە كۆتایدا مێندێز وتی.. "كریستیانۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال، توانیوێتی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا و جامی نەتەوەكانی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، ئێستا ئەو یاریزانە لەگەڵ یۆڤانتۆس باشترین ئاستی خۆی پێشكەش دەكات لەگەڵ ئەوەی تەمەنی 34 ساڵە".