ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئەمشەو یارییەكانی خولی ئیتاڵی بەبێ‌ جەماوەر دەبێت

ئه‌مڕۆ 5 یاری دواخراوی گه‌ڕی 26ی سێریا ئه‌ی له‌ ئیتالیا به‌ڕێوه‌ده‌چن، كه‌ یاری لوتكه‌ له‌نێوان یوڤێنتوس و ئینته‌رمیلان ده‌بێت، به‌ڵام به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێشتر زۆربه‌ی یارییه‌كانی ئه‌م گه‌ڕه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا دواخرابوون و بڕیاردرا ئه‌مڕۆ 5 له‌و یارییانه‌ ئه‌نجام بدرێن، به‌ڵام به‌بێ جه‌ماوه‌ر، كه‌ گرنگترینیان یاری یوڤێنتوس و ئینته‌رمیلانه‌.

ئه‌مشه‌و كاژێر 22:45 به‌ كاتی باشووری كوردستان، یوڤێنتوس له‌سه‌ر یاریگه‌ی ئالیانز تۆرینۆ میوانداری ئینته‌رمیلان ده‌كات، كه‌ تیپی خاوه‌ن یاریگه‌ ده‌توانێت به‌ بردنه‌وه‌ پێشه‌نگی سێریا ئه‌ی به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست لازیۆ.

یوڤێنتوس به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 60 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌مه‌ له‌دوای لازیۆی پێشه‌نگ به‌ 62 خاڵ، به‌ڵام یوڤێ یارییه‌كی كه‌متر كردووه‌، ئینته‌رمیلانیش به‌ 54 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندیدایه‌، به‌ڵام یارییه‌كی كه‌متر له‌ یوڤێنتوس و دوو یاری كه‌متر له‌ لازیۆ كردووه‌.

یانه‌ی خانمه‌ پیره‌كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هه‌موو هه‌وڵێكی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ بردنه‌وه‌ له‌ تیپه‌كه‌ی ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی، كه‌ به‌ده‌ست چه‌ند پێكانێكه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئاماده‌نییه‌ به‌ ئاسانی له‌ به‌رامبه‌ر یوڤێنتوسدا خۆی و تیپه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات، كه‌ له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌ڤانی به‌ر له‌ یارییه‌كه‌دا گوتی "سه‌ره‌ڕای هه‌موو زه‌حمه‌تییه‌كان ئاماده‌ین بۆ بردنه‌وه‌ له‌ یوڤێنتوس"