ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 پاریس سانجێرمان گەیشتە پۆناغی داهاتوو

یاریگەی پارک دێ پرێنسیس لە فەرەنسا، یاری نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بۆرووسیا دۆرتموندی تێدا بەڕێوەچوو، لەو یارییەی کە هاندەران بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەیانتوانی هانی یانەکەیان بدەن، کوڕانی تۆخێل توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام یارییەکە ببەنەوە و بەکۆی هەردوو یارییەکە سێ بە دوو سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو.

هەردوو گۆڵەکەی پی ئێس جی لە نیوەی یەکەمدا لە خولەکەکانی ٢٨ و ٤٦ـدا لەلایەن خوان بێرنات و نەیمار داسیلڤاوە تۆمارکران، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە ئێمری جان بەهۆی ئەوەی لەگەڵ نەیمار بوو بەشەڕیان کارتی سووری وەرگرت.

ئەمە یەکەم سەرکەوتن بوو بۆ یانەی پاریسییەکە لە مێژوویدا بەسەر یانەی دۆرتموند لە خولە ئەوروپییەکان، بە سەرکردایەتی بێرنات و نەیمار کە گۆڵەکانی پاریسیان تۆمارکرد، بوونە یەکێک لە هەشت تیپەکەی قۆناخی داهاتوو.

یاری رابردووی نێوانیان بە سەرکەوتنی بۆرووسیا دۆرتموند بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهاتبوو، لەم یارییەشدا دوو بە سفر دۆڕان.