ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی تۆپی پێی ئیتالیا لەگەڵ یانەکانی بەشدار لە خولی سێریا ئەی،گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کرا، لە گرنگترینیان دەستپێکردنەوەی یارییەکانی ئەم وەرزەیە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵپەسێردراوە.

هەرچەندە یانەکانی بیریشیا و تۆرینۆ رازی نەبوون کە یارییەکان دەستپێبکەنەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە هێشتا گیانی یاریزانەکان لە مەترسیدایە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوانیش دەنگیان بەوەدا کە دەبێت وەرزی ئەمساڵ تەواوبکرێت و ناکرێت هەڵبووەشێتەوە.

یانەکانی بۆڵۆنیا، پارما، سپال و ساسۆلۆ رەزامەندییان لە هەرێمی ئیمیلیا رۆمانیا وەرگرت بۆ ئەوەی مەشقە بەکۆمەڵەکانیان لە رۆژی 4/5 دەستپێبکەنەوە، بەڵام یانەکانی ناوچەکانی دیکە دەبێت لە ناوەڕاستی مانگدا ئەو کارە بکەن.

ئەم هەواڵە بۆ هەوادارانی خولی ئیتالیا زۆر خۆش دەبێت، چونکە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەمووانی بێهیواکرد، کاتێک گوتی: دوور نییە خولەکە هەڵبوەشێتەوە، تەنانەت هەڵوەشاندنەوە ئاسانترە لە دەستپێکردنەوە.

دواتر سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیتالیا وەڵامی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی دایەوە و گوتی: هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەکەن من واژۆ لەسەر مەرگی تۆپی پێی ئیتالیا بکەم.