ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوسەری تیاگۆ ئەلكانتارای یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی سوورە لەسەر ئەوەی هاوسەرەكەی لەم هاوینەدا بگەڕێتەوە ریزەكانی یانەی بەرەشەلۆنە.

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەكانی ئەڵمانیا، ئەلكانتارا لەسەر داوا و پێداگیریی هاوسەرەكەی بیر لەوە دەكاتەوە جارێكی دیكە لە مێركاتۆی ئەم هاوینەدا بگەڕێتەوە خولی ئیسپانی.

ساڵی 2013 ئەلكانتارا ریزەكانی بەرشەلۆنەی بەرەو بایرن میونشن جێهێشت، دوای ئەوەی یانە باڤارییەكە بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بە یانە كەتەلۆنییەكە دا.

هەرچەندە گرێبەستی ئەلكانتارا لەگەڵ بایرن میونشن لە حوزەیرانی 2021 كۆتاییدێت، بەڵام هاوسەرەكەی سوورە لەسەر ئەوەی مێردەكەی بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەكەی بگەڕێتەوە ریزەكانی بارسا.

رۆژنامەكانی ئەڵمانیا، لەو بارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە گەڕانەوەی تیاگۆ بۆ ریزەكانی بەرشەلۆنە ئەوەندە ئاسان نابێت، ئەگەر ویستی خۆی و هاوسەرەكەی بێت، چونكە لە لایەكەوە بارسا هەوڵی نەداوە ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە ریزەكانی، لە لایەكی دیكەشەوە بەرپرسانی بایرن میونشن بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ئەلكانتارا نابن، چونكە ئەو یەكێكە لە یاریزانە هەرە گرنگەكانی تیپەكەی هانز فلیكی راهێنەر.