ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە گەڕی 36ەمینی سێریا ئەیدا، یانە یۆڤنتوس بە سەركردایەتی ئەستێرەی پورتوگالی‌و یانەی خانمە پیرەكە، توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ‌ وەڵام لە یانەی سەمبادۆریا بباتەوە‌و بەر لە كۆتایی هاتنی دووگەڕ توانی ببێتە پاڵەوانی خولی یانەكانی ئیاڵیا.

لە گێمی یەكەمدا یوڤی تا خولەكی زیادكراو هیچ گۆڵێكی بۆ تۆمارنەكرا، بەڵام لە خولەكی حەوتەمی زیادكراودا كریستیانۆ رۆنالدۆ بە پاسێكی میرالیم پیانیچ و لە دەرەوەی هێڵی سزا بە لێدانێكی بەهێز گۆڵی یەكەمی بۆ یوڤی تۆماركرد.

لە گێمی دووەمیشدا باڵادەستیی یوڤی هەر بەردەوام بوو، لە بەرامبەریشدا یانەی سامبەدۆریا چەندین هەلیان بۆ رەخسا، بەڵام لە هێرشێكی دیكەدا كە كریستیانۆ لێدانێكی ئاڕاستەكرد و گۆڵپارێز گەڕاندییەوە و تۆپەكە كەوتە بەر قاچەكانی فێدێریكۆ بێرناردێسكی و هیواكانی سامپدۆریای لەنێوبرد و گۆڵی دووەمیشی لە خولەكی 67 تۆماركرد،  لە خولەكی 77 مۆرتن تۆرسپی، یاریزانی یانەی سامپدۆریا بە كارتی سوور دەركرا، بەر لە كۆتاییهاتنی یارییەكە بە دوو خولەك، ئەلێكس ساندرۆ خۆی خزاندە نێو هێڵی سزا و لێدانێكی سزای بەدەستهێنا، بەڵام كریستیانۆ رۆناڵدۆ نەیتوانی بە سەركەوتوویی جێبەجێی بكات و لە ستوونیدا، خۆی بێبەشكرد لە گۆڵی ژمارە 32 لەم وەرزە و ركابەرییكردنی چیرۆ ئیمۆبێلی كە هاتریكی لە دوایاریی یانەكەی تۆماركردووە و خاوەنی 34 گۆڵە، رۆنالدۆ لەمساڵدا یەكەمجارە لە سێریا ئەیدا نەتوانێت بە لێدانی سزا گۆل تۆماربكات.

شایانی باسە ئەوە جاری نۆیەمە لەسەریەك یوڤێنتوس دەبێتە پاڵەوانی ئیتالیا، جاری 35ـمینیشە ئەم نازناوە لە مێژووی خولەكەدا بەرزدەكاتەوە كە ژمارەیەكی پێوانەییە.